بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعد ڕەعد عەباس بەڕێوەبەری بەشی شەهیدانی سپایکەر و بادوش و ڕاوێژکاری یاسایی لە دامەزراوەکە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانى عێراق وتویهتى: "قوربانیانی سپایکەر بهگوێرهى یاسای هەموارکراوی ژمارە ۲۰ی ساڵی ۲۰۰۹، سەرجەم مافە یاساییەکانیان پارێزراوە".
ناوبراو وتیشى: "دامەزراوەى شههیدان لە ساڵی ۲۰۱۵وە دەستی بەگەڕان کردوە و تائێستا ۱۸ گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە کە تێیدا ڕوفاتی ۱۲۳۶ شەهید دەرهێنراون و ڕادەستی پزیشکی دادوەری کراون، پشکنینی هاوتابوونی زانستی بۆ ۱۰۷۶ ڕوفات ئەنجامدراوە و ڕوفاتەکان بە ڕێوڕەسمێکی شایستە ڕادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە، هاوکات بڕوانامەی مردن و بەڵگەنامه فەرمییەکانیان بۆ دەرکراوە".
سەعد ڕەعد عەباس ئاماژهى بهوهشکرد، "لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی دامەزراوەی شەهیدان و ئەندامێتی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی و وەزارەتەکانی (بەرگریی، تەندروستی، ڕۆشنبیریی و دەرەوە) پێکهێنراوە بۆ ناساندنی ئەم کۆمەڵکوژییە بەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تۆمارکردنی وەک جینۆساید، ههروهها لیژنەیەکیش بۆ بەدواداچوونی خەرجکردنی بەشە پارەی دوەمی قەرەبوو پێکهێنراوە، هاوکات ئەنجومەنی وەزیرانیش بهگوێرهى بڕیاری ژمارەی ۲۲۲ی ساڵی ۲۰۲۶، پێشنیازی دامەزراوەکەی بۆ دیاریکردنی خولەکێک بێدەنگیی ساڵانە وەک ڕێزلێنان لەیادی ئەو تاوانه پەسندکردوە".
کۆمهڵکوژى سپایکهر ڕۆژى ۱۲ى حوزەیرانی ۲۰۱۴و کاتێک ڕوویدا کە تیرۆریستانى داعش کۆنترۆڵی شاری تکریتیان کرد و چوونە ناو بنکەی ئاسمانیی سپایکەر (کە بنکەیەکی ڕاهێنانی سەربازیی بوو)، قوربانییەکان بریتیبوون لە خوێندکارانی گەنجی هێزی ئاسمانی و سەربازانی دیکه که سهرقاڵى ڕاهێنان بوون و زۆربەشیان خەڵکی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بوون و چەکیان پێنەبوو، بهگوێرهى ئامارە فەرمییەکان، لەم کۆمەڵکوژییەدا نزیکەی ۱۷۰۰ بۆ ۲۰۰۰ گەنجی سەرباز بەشێوازێکی زۆر دڕندانه (تەقەکردن لەسەریان یان فڕێدانیان بۆ ناو ڕووباری دیجلە بەدەستبەستراوی) کوژران.

Your Comment