کوردپرێس: بەپێی ڕاپۆرتێکی چارڵز لیستەر، شارەزای کاروباری سووریا، پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکانی سووریا لەناو پێکهاتەی سەربازیی حکوومەتی نوێی سووریادا چۆتە قۆناغێکی کارەییەوە (پراکتیکی). ناوبراو ڕایگەیاند کە نزیکەی سێیەکی ئەو هێزە تازە پێکهێنراوانەی وەزارەتی بەرگریی سووریا، کە لە دەوروبەری ۱۲۰۰ چەکداری پێشووی "هێزەکانی سووریای دیموکرات" (هەسەدە - قسد) پێکهاتوون، ئەمڕۆ لە شاری قامیشلۆوە بەرەو بنکەی ڕاهێنانی وەزارەتی بەرگریی سووریا لە ناوچەی "النبک" لە باکووری دیمەشق بەڕێ کەوتن.
بە گوتەی لیستەر، بڕیارە ئەم هێزانە خولێکی تەواوی ڕاهێنانی سەربازی لەژێر چاودێریی وەزارەتی بەرگریی سووریادا تێپەڕێنن و دوای کۆتاییهاتنی خولەکە، بەشێوەیەکی فەرمی وەک بەشێک لە هێزەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا دەستبەکار ببن.
ئەم پێشهاتە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان حکوومەتی نوێی سووریا و هێزە کوردییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا لێکدەدرێتەوە؛ ئەو ڕێککەوتنانەی کە ئامانجەکەیان وەک تێکەڵکردنی قۆناغ بە قۆناغی پێکهاتە سەربازییەکانی سەر بە کورد لەناو دامەزراوە فەرمییەکانی دیمەشقدا ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، ئەو هێزانەی کە ڕەوانە کراون، بەشێکن لە تیپە کوردییە نوێیەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا کە لە نێوان هێزەکانی پێشووی هەسەدەدا ڕێکخرانەتەوە. ناردنی ئەوان بۆ ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندیدان، وەک نیشانەیەک بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی مەیدانیی پرۆسەی تێکەڵبوونی ئەمنی و سەربازی لە نێوان هەردوولادا سەیر دەکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا وردەکارییەکان دەربارەی پێکهاتەی کۆتایی ئەم تیپانە، ئاستی دەسەڵاتی فەرماندە کوردەکان، شوێنی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی هێزەکان و چۆنیەتی تێکەڵبوونی تەواوەتییان لەناو پلەبەندیی سوپای سووریادا بڵاو نەکراوەتەوە. ئەم پرۆسەیە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە داهاتووی خۆبەڕێوبەریی کورد و دۆخی هێزە سەربازییەکانی سەر بەوان، هێشتا وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکانی سووریا لە دوای ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد دێتە ئەژمار.
Your Comment