توێژە جیاوازەکان دەبێت بەرپرسیارێتی بنیاتنانی داهاتوویەکی دیموکراتیک بگرنە ئەستۆ

گوڵتان کشاناک ڕایگەیاند کە کۆنفرانسی «گواستنەوەی دیموکراتیکی کۆمار لە سەدەی دووەمدا» بە ئامانجی ڕەخساندنی کەشێک بۆ گفتوگۆی هاوبەش لە نێوان توێژە جیاوازەکان، زمانەکان و بیروباوەڕە جیاوازەکانی کۆمەڵگە سەبارەت بە بنیاتنانی داهاتوویەکی دیموکراتیک بەڕێوە دەچێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گوڵتان کشاناک، کە یەکێکە لە بانگهێشتکارانی کۆنفرانسی «گواستنەوەی دیموکراتیکی کۆمار لە سەدەی دووەمدا»، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پرۆسەی دیموکراتیزەکردندا، ڕایگەیاند کە ئامانجی ئەم کۆنفرانسە ئەوەیە توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، ناسنامەکان، بیروباوەڕەکان و گروپە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان کۆببنەوە و گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی بنیاتنانی داهاتوویەکی هاوبەش و دیموکراتیک بکەن.

کۆنفرانسی «گواستنەوەی دیموکراتیکی کۆمار لە سەدەی دووەمدا» لە ڕۆژانی ۱۳ و ۱۴ی حوزەیران (یۆنیۆ) لە ئەستەمبوڵ بەڕێوە دەچێت. لەم کۆنفرانسەدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییەکانی بواری سیاسەت، هونەر، زانکۆ و کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادە دەبن و تێیدا بابەتگەلێکی وەک چارەسەری پرسی کورد، ئاشتی کۆمەڵایەتی و پرۆسەی دیموکراتیزەکردن تاوتوێ دەکرێن.

لە لێواری بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوەیەدا، گوڵتان کشاناک وەک یەکێک لە بانگهێشتکارانی کۆنفرانسەکە، لە پەیامێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی کردەوە، جەختی لەسەر گرنگیی ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پێشخستنی گفتوگۆ دیموکراتیکییەکاندا کردەوە.

کشاناک لە پەیامەکەیدا وتی: «گرنگیی ئەم کۆنفرانسە لەوەدایە کە دەیەوێت بە گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتی لە کایەی مەدەنیدا، زەمینەیەک بۆ گفتوگۆ و گەنگەشەیەکی جیدی بڕەخسێنێت. بابەتەکانی پەیوەست بە دیموکراتیزەکردن لە پەرلەمان و لە نێوان پارتە سیاسییەکاندا دەخرێنە ڕوو، بەڵام زۆر گرنگە کە کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی کۆمەڵایەتیش بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە لەسەر ئەم بابەتە بدوێن.»

سەرباری ئەوەش وتی، ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆنفرانسە، ڕەخساندنی فەزایەکە بۆ گفتوگۆی هاوبەش لە نێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا؛ فەزایەک کە تێیدا خەڵک بە ناسنامە، بیروباوەڕ، زمان و پاشخانە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانیانەوە بتوانن بیروڕا لەسەر داهاتووی هاوبەشی وڵاتەکەیان بگۆڕنەوە.

کشاناک ڕوونی کردەوە: «ئەوەی ئەم کۆنفرانسە هیوای بۆ دەخوازێت، کۆبوونەوەی خەڵک، گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، ناسنامەکان، ئایینەکان، زمانەکان و ئەو کەسانەیە کە پاشخانی جیاوازیان هەیە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکەن کە چۆن دەکرێت داهاتوویەکی هاوبەش بە شێوازێکی دیموکراتیک بنیات بنرێت و بۆ بەدیهێنانیشی بەرپرسیارێتی هەڵبگرن.»

News ID 227315

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha