دەنگۆی گۆڕانکاری لە سەرکردایەتیی ئاکپارتی؛ ئەردۆغان لە ئەدای بەرپرسانی حزبەکەی ڕازی نییە

لە سەروبەندی کەمپینی ڕاوێژکاریی پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) لە شاری ساپانجا، ڕاپۆرتەکان باس لە ناڕەزایەتیی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان دەکەن لە ئەدای بەشێک لە بەرپرسانی حزبەکەی. سەرچاوەکانی ناو حزبەکە دەڵێن ئەگەری هەیە سەرۆک کۆماری تورکیا دوای ئەم کۆبوونەوەیە دەست بکات بە گۆڕانکاریی بەرفراوان لە پێکهاتەی بەڕێوەبردنی حزبەکەدا و تەنانەت بژاردەی سازدانی کۆنگرەی نائاساییش تاوتوێ بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی کەمپینی ساڵانە و ڕاوێژکاریی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کە بڕیارە لە ڕۆژانی ٢٦ تا ٢٨ی حوزەیران لە ناوچەی ساپانجای سەر بە پارێزگای ساکاریا بەڕێوە بچێت، سەرنجی ناوەندە سیاسییەکانی تورکیا کەوتووەتە سەر ئەو بڕیارە ئەگەرانەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەبارەت بە داهاتووی پێکهاتەی حزبی دەیدات.

ئەم کەمپە کە لە ساڵی ٢٠١٨وە بە شێوەیەکی نەریتی لە ناوچەی گەشتیاریی کزلجاحەمامی ئەنقەرە ساز دەکرا، ئەمساڵ لە ساپانجا بەڕێوە دەچێت. بە گوتەی سەرچاوەکانی حزبەکە، جیا لە بابەتەکانی وەک ئابووری، داڕشتنی دەستووری نوێ و ئەو پڕۆسەیەی کە بە «کوشادەیی سیاسی» دەناسرێت، دۆخی ناوخۆی حزب و ئەدای کارکردنی بەرپرسانیش یەکێک دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە.

ناڕەزایەتیی ئەردۆغان لە ئەدای بەرپرسانی حزب

بەپێی نووسینی ڕۆژنامەی (جمهوریەت) کە لە سەرچاوە نزیکەکانی پارتی داد و گەشەپێدانەوە گواستوویەتییەوە، ئەردۆغان لە مانگەکانی ڕابردوودا لە ئەدای هەندێک لە بەرپرسە باڵاکانی حزب ڕازی نەبووە و ئەم ناڕەزایەتییەشی لە کۆبوونەوە ناوخۆییەکاندا دەربڕیوە. ڕاپۆرتە مەیدانییەکان و ئەنجامی ڕاپرسییە گشتییەکان وەک ئەو هۆکارانە ناوزەد دەکرێن کە بوونەتە هۆی زیادبوونی ڕەخنەکانی سەرۆک کۆمار بەرامبەر بە کادری بەڕێوەبردنی حزبەکە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، ئەردۆغان پێی وایە لە بەشێک لە ڕێکخستنەکانی حزبدا جۆرێک لە سستی و کەمبوونەوەی گڕوتین دروست بووە، و هەندێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ناوەندیی حزب (MKYK) ئەدایەکی دڵخۆشکەر و گونجاوو نەبووە.

«مەغرور بوون و کار ناکەن»

لە ناوەندە سیاسییە نزیکەکانی ئاکپارتیدا ئیدیعا دەکرێت کە ئەردۆغان لە ناو کۆڕی نزیکانیدا سەبارەت بە هەندێک لە بەرپرسانی حزبی گوتوویەتی: «مەغرور بوون و چیتر کار ناکەن.»

ئەم لێدوانانە بوونەتە هۆی ئەوەی پێشبینییەکان سەبارەت بە گۆڕانکاریی بەرفراوان لە سەرکردایەتیی حزبەکەدا توندتر ببنەوە. سەرچاوەکانی ناو حزبەکە باس لە ئەگەری پێداچوونەوەی جدی دەکەن لە پێکهاتەی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ناوەندیدا و دەڵێن ڕەنگە هەندێک لە کەسایەتییەکانی ئێستا لە پۆستەکانیان دوور بخرێنەوە.

هەروەها لە هەندێک بازنەی سیاسیدا ئەوە خراوەتە ڕوو کە ئەردۆغان تەنها بە گۆڕانکاریی سنووردار لە ئەنجومەنی جێبەجێکاردا ناوەستێت، بەڵکو بژاردەی سازدانی کۆنگرەی نائاسایی حزبەکەشی لەسەر مێزە. ئەم پێشهاتە ئەگەرانە لە لایەن شرۆڤەکارانی سیاسییەوە وەک قۆناغی دووەمی پڕۆسەی «نوێکردنەوە و بونیادنانەوەی» حزبەکە دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان (شارەوانییەکان) هەڵدەسەنگێندرێت.

تاوتوێکردنی سیناریۆکانی هەڵبژاردن؛ هەڵبژاردنی پێشوەختە

یەکێکی تر لەو بابەتانەی کە پێدەچێت لە کەمپی ساپانجادا باسی لێوە بکرێت، بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە؛ ئەو پرسەی کە ئۆپۆزسیۆنی حکوومەت لە مانگەکانی ڕابردوودا چەندین جار خستوویەتییە ڕوو.

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرچاوەکانی پارتی داد و گەشەپێدان جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەڵوێستی فەرمیی حزبەکە هێشتا ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا. بەڵام دەگوترێت لە کۆبوونەوەکەی ساپانجادا سناریۆ جیاوازە سیاسی و ئابوورییەکان، لەوانەش ئەگەری سازدانی هەڵبژاردن لە پایزی ٢٠٢٧ و بەتایبەت لە مانگی تشرینی دووەمی ئەو ساڵەدا، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.

شرۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە کەمپی ئەمساڵ تەنها کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریی ئاسایی نابێت، بەڵکوو دەکرێت ببێتە خاڵێکی یەکلاکەرەوە بۆ کێشانی نەخشەڕێگای پارتی داد و گەشەپێدان لە ساڵانی داهاتوودا. چاوەڕوان دەکرێت ئەردۆغان لە گوتاری کۆتاییی ئەم کۆبوونەوەیەدا، پەیامی گرنگ ئاراستەی هەم جەماوەری حزبەکەی و هەم ڕای گشتیی تورکیا بکات.

News ID 227304

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha