ئایا دەستووری نوێ دەتوانێت قەیرانی مێژوویی سووریا کۆتایی پێبهێنێت؟

لەگەڵ دەستپێکردنی یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانی سووریا لە ٨ی حوزەیران، سەرنجی زۆرێک لە چاودێران و هاووڵاتیان ئاراستەی پرۆسەی دانانی دەستووری نوێی ئەم وڵاتە بووە؛ پرۆسەیەک کە بە باوەڕی زۆرینە دەتوانێت بە دڵنیابوون لە بەشداریی ڕاستەقینەی هەموو نەتەوە، پێکهاتە و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و هەروەها کۆتاییهێنان بە سیاسەتەکانی پشتبەستوو بە ڕەتکردنەوە و ناوەندگەری، ڕێگا بۆ ئارامی و ئاشتەوایی نیشتمانی خۆش بکات؛ یان بە پێچەوانەوە، بە دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردوو، سووریا بخاتە بەر مەترسیی قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییە نوێکان.

ڕیشەی قەیران؛ زیاتر لە ڕووداوێکی سیاسی

زۆرێک لە شیکەرەوان پێیان وایە قەیرانی سووریا تەنها ئەنجامی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی ساڵی ٢٠١١ یان قۆناغێکی گواستنەوەی سیاسی نەبووە. بەڵکو ڕەگی سەرەکیی ئەم قەیرانە لە پێکهاتەی ناوەندگەریی دەسەڵات، ڕەتکردنەوەی ناسنامە نەتەوەیی و نیشتمانییە جیاوازەکان و سنووردارکردنی بەشداریی سیاسیی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سووریا دایە.

ئەمڕۆ بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی سووریا چاویان لەسەر پرۆسەی دانانی دەستووری نوێیە؛ دەستوورێک کە دەتوانێت وانە لە ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو وەربگرێت و بنەمای سیستەمێکی سیاسیی فراگیر دابمەزرێنێت، یان دووبارە وڵاتەکە بخاتە ناو بازنەی ئاڵۆزی و نائارامی.

مێژووی سڕینەوەی سیاسی لە سووریا

دوای کۆتاییهاتنی سەرپەرشتیی فەرەنسا بەسەر سووریا، هەوڵدان بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی پەرلەمانی و فرەحیزبی دەستی پێکرد. بەڵام کودەتاکانی یەک لەدوای یەکی سەربازی لە ساڵی ١٩٤٩ بەدواوە ڕێگرییان لە جێگیربوونی دامەزراوە دیموکراتییەکان کرد.

لە دەیەکانی دواتردا، دامەزراوە سەربازی و ئاسایشییەکان بە شێوەیەکی هێواش جێگای دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانیان گرتەوە و پێکهاتەی دەسەڵات زیاتر بەرەو ناوەندگەری چوو. لە ئەنجامی ئەو بارودۆخەدا، چالاکیی ئازادی حیزبە سیاسییەکان سنووردار کرا و زۆربەی دەسەڵاتەکان خرایە دەستی دەزگای جێبەجێکار.

زاڵبوونی مۆدێلی دەوڵەتی ناوەندی

بە گەیشتنی حیزبی بەعس بۆ دەسەڵات لە ساڵی ١٩٦٣ و پاشان پەسەندکردنی دەستووری ساڵی ١٩٧٣، سیستەمی سیاسیی سووریا چووە قۆناغێکی نوێوە. دەسەڵاتی سیاسی بە شێوەیەکی فراوان خرایە دەستی سەرۆکایەتی و دامەزراوە جێبەجێکارەکان و بوارە سیاسییەکە زیاتر سنووردار بوو.

زۆرێک لە توێژەران پێیان وایە دەستووری ١٩٧٣ تەنها بەڵگەنامەیەکی یاسایی نەبوو، بەڵکو چوارچێوەیەکی ئایدیۆلۆژی بوو بۆ بەڕێوەبردنی وڵات؛ چوارچێوەیەک کە ناوەندگەریی دەسەڵاتی بەهێزتر کرد و ڕۆڵی دامەزراوە چاودێری و نوێنەرایەتییە سیاسییەکانی لاوازتر کرد.

پرسی کورد؛ یەکێک لە گرنگترین بابەتە سیاسی و مافییەکان

یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی پرۆسەی دانانی دەستووری نوێ، پرسی کوردە لە سووریا. کۆمەڵگەی کورد لە ماوەی دەیان ساڵدا ڕووبەڕووی سنووردارییە سیاسی، فەرهەنگی و یاسایییە جۆراوجۆرەکان بووەتەوە.

لە ساڵی ١٩٦٢ هەزاران کورد لە هاووڵاتیبوونی سووریا بێبەش کران و پاشان سیاسەتگەلێک وەک «پڕۆژەی پشتێنی عەرەبی» لە ناوچە کوردنشینەکان جێبەجێ کرا. زۆرێک لە چالاکوانان و پارێزەرانی مافەکان ئەم هەنگاوانە بە نموونەی سیاسەتی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی نەتەوەییی کورد دەزانن.

ڕووداوە چارەنووسسازەکانی مێژووی هاوچەرخی سووریا

سیاسەتە ناوەندگەرەکان تەنها کاریگەرییان لەسەر کورد نەبوو. لە ساڵی ١٩٨٢ ڕووداوە خوێناوییەکانی حەما ڕوویدا و لە ساڵی ٢٠٠٤ش قامشلۆ بووە شایەدی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکی بەرچاو.

هەروەها ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە ساڵی ١٩٦٣ەوە بووە هۆی سنووردارکردنی چالاکییە سیاسییەکان و دەستبەسەرکردنی بەرفراوانی ئۆپۆزسیۆن. هەرچەندە دوای گەیشتنی بەشار ئەسەد بۆ دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٠٠ بوارێکی سنووردار بۆ چاکسازیی سیاسی پەیدا بوو کە بە «بەهاری دیمەشق» ناسرا، بەڵام ئەو قۆناغە زۆر درێژ نەخایاند و زۆرێک لە چالاکوانان، ڕۆشنبیران و ڕەخنەگران دەستبەسەر کران.

نایەکسانیی ئابووری و هۆکارەکانی تەقینەوەی کۆمەڵایەتی

لە نیوەی دەیەی ٢٠٠٠دا، سیاسەتە ئابوورییە نوێکان لە سووریا جێبەجێ کران. بە پێی هەندێک سەرچاوە، ئەم سیاسەتانە بوونە هۆی فراوانبوونی کەلێنی کۆمەڵایەتی و ئابووری.

زیادبوونی دەستێوەردانی بازنە نزیکەکانی دەسەڵات و هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاری لە بەشێک لە کۆمەڵگەدا، نارضایەتیی گشتیی توندتر کرد. ئەم هۆکارانەش لەگەڵ سنووردارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بوونە بناغەی خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی ساڵی ٢٠١١؛ خۆپیشاندانێک کە خێرا گۆڕا بۆ قەیرانێکی فراگیر و دواتر جەنگێکی درێژخایەن.

جەنگێک کە سووریای گۆڕی

جەنگی سووریا کە لە ساڵی ٢٠١١ دەستی پێکرد، یەکێکە لە گەورەترین قەیرانە مرۆییەکانی سەدەی بیست و یەکەم. ئەم جەنگە سەدان هەزار کوژراو و ملیۆنان ئاوارەی لێکەوتەوە و بەشێکی زۆر لە ژێرخانی وڵاتی وێران کرد.

ئابووریی وڵات زۆر زیانی پێگەیشت، خزمەتگوزارییە گشتییەکان لاواز بوون و هێشتا ملیۆنان کەس پێویستیان بە یارمەتیی مرۆیی هەیە. هەروەها دەستێوەردانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و ئامادەبوونی لایەنە سەربازی و سیاسییە جیاوازەکان ئاڵۆزیی قەیرانەکەی زیاتریش کرد.

دەستوورەکانی ڕابردوو چیان بەجێهێشت؟

بە باوەڕی شارەزایان، کێشەکە تەنها لە ناوەڕۆکی دەستوورەکانی پێشوو نەبووە، بەڵکو لە شێوازی جێبەجێکردنیانیشدا هەبووە. لاوازیی سیستەمی فرەحیزبی، نەبوونی دڵنیایی بۆ گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات، ڕەتکردنەوەی پێکهاتە جیاوازەکان و کەمبوونەوەی متمانەی نێوان کۆمەڵگە و دەوڵەت، لە گرنگترین دەرئەنجامەکانی پێکهاتەی سیاسیی ڕابردوو بوون.

ئەم بارودۆخە لە کۆتاییدا بووە هۆی قووڵبوونەوەی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان، هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، کۆچکردنی ملیۆنان هاووڵاتی و پەیدابوونی زیانە مرۆیی و ئابوورییە گەورەکان.

دەستووری نوێ؛ دەرفەتێکی مێژوویی یان دووبارەکردنەوەی ڕابردوو؟

ئێستا سووریا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە. زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە ئەگەر لە دانانی دەستووری نوێدا وانە لە ئەزموونەکانی ڕابردوو وەرنەگیرێت و سیاسەتەکانی پشتبەستوو بە ڕەتکردنەوە و نکۆڵیکردن لە ناسنامە جیاوازەکان بەردەوام بن، ئەوا زەمینەی قەیرانە نوێکان دروست دەبێت؛ تەنانەت ئەگەر جەنگی سەربازی کۆتایی پێ بێت.

بە پێچەوانەوە، دانانی دەستوورێک کە لەسەر یەکسانیی هاووڵاتیان، دڵنیابوون لە ماف و ئازادییە گشتییەکان، بەشداریی ڕاستەقینەی هەموو نەتەوە و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و دامەزراندنی دامەزراوە دیموکراتییەکان بنیات نرابێت، دەتوانێت ڕێگا بۆ ئارامی و ئاشتەوایی نیشتمانی خۆش بکات.

پرسیاری سەرەکی کە ئەمڕۆ لەبەردەم سوورییەکاندایە ئەوەیە: ئایا دەستووری نوێ تەنها دووبارەکردنەوەی ڕابردوو دەبێت، یان دەگۆڕدرێت بۆ گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی فراگیر کە بتوانێت چارەسەری ڕیشەیی بۆ قەیرانە سیاسی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکانی ئەم وڵاتە دابین بکات؟

News ID 227294

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha