ناوی نزیکەی ۱۴ هەزار خێزان بۆ گەڕانەوە بۆ سەرێکانی نووسراوە

وتەبێژی لیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان راگەیاند، ناوی نزیکەی ۱۴ هەزار خێزان کە ئارەزووی گەڕانەوە دەکەن تۆمارکراوە و رادەستی حکومەتی سووریا کراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زەهرا سەمۆ، وتەبێژی لیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی بە رووداوی ڕاگەیاند: لیژنەکە ئامارێکی وردی لەبارەی ئاوارەکانی ئەو سنوورە ئامادە کردووە. لەو چوارچێوەیەدا ناوی نزیکەی ۱۴ هەزار خێزان کە دەیانەوێ بگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە سەرێکانی تۆمار کراوە.

زەهرا سەمۆ ئاماژەی بەوە کرد، ئەم لیستە رادەستی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دۆسیەی گەڕانەوە کراوە، لە نێویشیاندا حکوومەتی سووریا.

بە وتەی زەهرا سەمۆ: "ئەم هەنگاوە بۆ رێکخستنی پڕۆسەی گەڕانەوە و پاراستنی مافی ئاوارەکان نراوە؛" هەروەها جەختی کردەوە کە دوای کۆتاییهاتنی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین، گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانیش دەستپێدەکەن.

وتەبێژی لیژنەکە روونیکردەوە کە ئەوان لەسەر ئاستی یاسایی و مرۆیی بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ دابینکردنی گەڕانەوەیەکی سەلامەت و شکۆمەندانە بۆ ئاوارەکان و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هەندێک رێکاری پەیوەست بە گەرەنتییە ئەمنییەکان و ئامادەکارییەکانی گەڕانەوە هێشتا لە قۆناخی بەدواداچووندان، ئێستاش کار لەسەر تەواوکردنی هەنگاوەکان دەکرێ تاوەکو یەکەم گرووپی ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

زەهرا سەمۆ وتی، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ شاندی سەرۆکایەتیی سووریا، کە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە پێکهێنراوە، بەردەوام دەبن.

زەهرا سەمۆ هەروەها رایگەیاند، هێشتا ۳۵۰ خێزانی گەڕەکی غوێرانی حەسەکە و ژمارەیەک لە خێزانەکانی دێرەزوور، حەما و حومس لە سنووری سەرێ کانین و پێویستە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

News ID 227288

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha