بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دیاریکردنی تۆم باراک وەک دەموچاوی سەرەکی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە دۆسیەکانی سووریا و عێراقدا، مقۆ مقۆ و باسێکی نوێ و هەستیاری لە فەزای سیاسی و میدیایی هەرێمی کوردستاندا ڕەخساندووە؛ باسێک کە ئەمجارەیان نەک هەر لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، بەڵکوو لەسەر چارەنووسی پێشمەرگە و چەکەکانیەتی.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی گفتوگۆکان لەسەر سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی ئەمنیی عێراق و گوشارەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو هێزە چەکدارانەی لەژێر ڕکێفی ڕاستەوخۆی حکوومەتی ناوەندیدا نین، ناوی پێشمەرگەش کەوتووەتە ناو ئەم هاوکێشەیەوە. هەندێک ڕاپۆرت و پێشبینی باس لە ئەگەری دۆزینەوەی میکانیزمێکی فیدراڵی دەکەن بۆ چاودێریکردن، تێکەڵکردن یان کۆنترۆڵکردنی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە؛ مۆدێلێک کە هەندێک کەس بە پەیوەندی نێوان حکوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی بەراوردی دەکەن.
له فهزایهكی ئاوادا، مەسعوود بارزانی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک هۆشداری دا کە پێشمەرگە و چەکەکەی نابێت ببنە بابەتی مامەڵە و چەنەلێدانی سیاسی. ناوبراو جەختی کردەوە کە چەکی پێشمەرگە تەنها «پارچە ئاسنێک» یان ئامرازی شەڕ نییە، بەڵکوو بەشێکە لە مێژووی خەبات، قوربانیدان و ناسنامەی نەتەوەیی کورد. ئەم هەڵوێستە لە ڕاستیدا وەڵامێکی ڕاستەوخۆ بوو بۆ ئەو نیگەرانییانەی لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئەگەری زیادبوونی هەژموونی بەغدا بەسەر پێکهاتەی سەربازیی هەرێمدا دروست بوون.
بەشێکی گرنگی ئەم نیگەرانییانە بۆ ڕۆڵی نوێی تام باراک دەگەڕێتەوە. باراک دوای پێشهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و پاشەکشەی قۆناغ بە قۆناغی پشتگیریی ئەمریکا لە پڕۆژەی خۆبەڕێوبەریی کوردی سووریا، لە ڕوانگەی زۆرێک لە کوردانەوە بووەتە هێمای گۆڕانی ڕوانگەی واشنتۆن؛ گۆڕانکارییەک کە پشت بە بەهێزکردنی حکوومەتە ناوەندییەکان، یەکخستنی پێکهاتە ئەمنییەکان و کەمکردنەوەی ڕۆڵی هێزە چەکدارە خۆجێییەکان دەبەستێت.
لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردیدا، هەندێک لە شرۆڤەکاران هۆشدارییان داوە کە ڕەنگە هەمان ئەو لۆژیکەی لە سووریا بووە هۆی سنووردارکردنی هەژموونی هێزە کوردییەکان، ئێستا لە عێراقیش پەیڕەو بکرێت؛ بەتایبەت لە ڕێگەی گوشارەوە بۆ تێکەڵکردنی زیاتری پێشمەرگە لەناو پێکهاتەی ئەمنیی حکوومەتی ناوەندیدا. هەر ئەمەش وایکردووە دەستنیشانکردنی باراک وەک گۆڕانکارییەکی دیپلۆماسی ئاسایی نەبینرێت و ببێتە بابەتێکی هەستیار لە ناوەندەکانی بڕیار و ڕای گشتیی هەرێمدا.
لەگەڵ ئەمانەشدا، زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە بەراوردکردنی هەرێمی کوردستان بە دۆخی کوردی سووریا ورد نییە. هەرێمی کوردستان لە چەندین دەیەی ڕابردووەوە خاوەنی پێگەی ڕێککەوتووی یاسایی و سیاسییە و پێکهاتەی قەوارەکەی، چ لە ڕووی دەستووری و چ لە ڕووی دیمۆگرافی و جوگرافییەوە، زۆر ڕیشەدارترە لە ئەزموونی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، نیگەرانی سەرەکی لە هەولێر نەک هەرەسهێنانی ئۆتۆنۆمی، بەڵکوو زیادبوونی قۆناغ بە قۆناغی گوشارەکانە بۆ سنووردارکردنی سەربەخۆیی سەربازیی هەرێم و گواستنەوەی کۆنترۆڵی دۆسیەی پێشمەرگە و چەکەکانی بۆ بەغدا.
لەم چوارچێوەیەدا، دەکرێت بەیاننامەکەی بارزانی وەک هەوڵێک بۆ کێشانی هێڵە سوورەکانی هەرێمی کوردستان هەژمار بکرێت؛ پەیامێکی ڕوون هەم بۆ بەغدا و هەم بۆ واشنتۆن، کە پێشمەرگە بۆ کورد تەنها هێزێکی سەربازی نییە، بەڵکو یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی بوونی سیاسی و مێژوویی هەرێمی کوردستان.
کوردستان ۆوچ
Your Comment