بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مۆزەخانەی مۆزایک "زێوگما" لە شاری غازی عەنتاب، کە دەکەوێتە ڕۆژاوای کوردستانی تورکیا، لە مانگی ئایاردا ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی لە ڕێژەی سەردانیکەراندا تۆمار کرد. بە گوتەی پارێزگاری غازی عەنتاب، ئەم مۆزەخانەیە تەنها لە ماوەی یەک مانگدا میوانداریی زیاتر لە ١١٥ هەزار کەسی کردووە، کە ئەمەش بەرزترین ئاماری مانگانەیە لە کاتی کرانەوەی مۆزەخانەکەوە تا ئێستا.

مۆزەخانەی مۆزاییک زێوگما، کە یەکێکە لە گرنگترین سەنتەرە کلتوری و شوێنەوارییەکانی تورکیا، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٦دا پێوانەیەکی نوێی لە ڕاکێشانی گەشتیار و سەردانیکەراندا بەدەستهێنا.

«کەمال چێبەر» پارێزگاری غازی عەنتاب، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) ڕایگەیاند کە ئەم مۆزەخانەیە، کە وەک یەکێک لە بەنرخترین گەنجینە کلتورییەکانی ناوچەکە سەیر دەکرێت، لە مانگی ئایاردا میوانداریی ١١٥ هەزار و ٣٧٥ سەردانیکەری کردووە.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە لە کاتی کردنەوەی مۆزەخانەکەوە تا ئێستا، هیچ کاتێک ئەم ژمارە زۆرەی سەردانیکەران لە ماوەی یەک مانگدا تۆمار نەکراوە و ئەم ئامارە ڕیکۆردێکی مێژووییە بۆ مۆزەخانەی زێوگما.
بەپێی گوتەی پارێزگاری غازی عەنتاب، پێشوازیی خەڵک لەم کۆمەڵە شوێنەوارییە لە پشووەکانی جەژنی قوربانیشدا یەکجار بەرچاو بووە؛ بە شێوەیەک کە تەنها لە ڕۆژانی پشوودا، ٤٨ هەزار و ٨٤٣ کەس سەردانی مۆزەخانەکەیان کردووە.

چێبەر هەروەها ڕایگەیاند کە کۆی گشتیی سەردانیکەرانی مۆزەخانەی زێوگما لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا گەیشتووەتە ٢٣٧ هەزار و ٢١٦ کەس؛ ئامارێک کە نیشاندەری زیادبوونی بەرچاوی گرنگیپێدانی گەشتیارانی ناوخۆیی و دەرەکییە بەم مەڵبەندە کلتورییە.

مۆزەخانەی زێوگما کە لە غازی عەنتاب لە ڕۆژاوای کوردستانی تورکیا هەڵکەوتووە، بە یەکێک لە گەورەترین مۆزەخانەکانی مۆزایکفەرش لە جیهاندا ئەژمار دەکرێت و ئەو بەرهەمە شوێنەوارییانەی تێدا پارێزراوە کە لە شاری دێرینی زێوگماوە بەدەست هاتوون. بەناوبانگترین بەرهەمی ناو ئەم مۆزەخانەیە، مۆزایکفەرشی "کچە کۆچەرییەکە" (The Gypsy Girl)، کە بووەتە یەکێک لە هێما کلتوری و گەشتیارییەکان و ساڵانە هەزاران سەردانیکەر بۆ ئەم شارە ڕادەکێشێت.

Your Comment