لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر دوو سەربازی ئەمریکی و بەریتانی گیانیان لەدەستدا

لە کاتی ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنانی سەربازیی هاوبەش لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر، سەربازێکی ئەمریکی و سەربازێکی بەریتانی گیانیان لەدەستدا. بەرپرسانی سەربازیی هەردوو وڵات ڕایانگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لەسەر چۆنیەتیی ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سوپای ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس» ئاماژەی بەوە کردووە، ڕووداوەکە ڕۆژی یەکشەممە (۳۱ـی ئایار) لە کاتی مانۆڕێکی هاوبەشدا ڕوویداوە. لە دەقی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "مەشقەکە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە سوپای بەریتانیا ئەنجام درا، کە ئەوانیش سەربازێکیان لەدەستداوە. لە ئێستادا هۆکاری ڕووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە."

سەبارەت بە ئاشکراکردنی ناسنامەی سەربازە ئەمریکییەکە، سوپای ئەمریکا ڕوونکردنەوەی داوە کە بەپێی پرۆتۆکۆلەکان، ناسنامەکەی ڕاناگەیەنرێت تاوەکو ۲۴ کاتژمێر بەسەر ئاگادارکردنەوەی خێزانەکەیدا تێنەپەڕێت؛ و تاوەکو ئێستا وردەکاریی زیاتر بڵاو نەکراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکی جیادا پشتڕاستی کردەوە کە کەسوکاری سەربازە بەریتانییەکەیان ئاگادارکردووەتەوە و داوای فەزایەکی کاتییان کردووە پێش ئەوەی زانیاریی زیاتر بڵاو بکەنەوە.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە واشنتن سەرقاڵی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو هێزانەیە کە لە عێراق بۆ شەڕی دژی داعش هاوکاریی هێزە خۆجێییەکانیان دەکرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئەرکەکانیان بەردەوامن.

News ID 227254

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha