بەبێ چوارچێوەیەکی یاسایی، دیموکراتیزەبوون تەنها لە چاوەڕوانیدا دەمێنێتەوە

عەبدوڵا ئۆجەلان جەخت لەوە دەکاتەوە کە دیموکراتیزەبوون پێویستییەکی ژیانییە و دەبێت پڕۆسەی ئاشتی بکرێتە خاوەن بنەمایەکی یاسایی لە پەرلەماندا، چوونکە تەنها لە ڕێگەی دیموکراسی و ڕێکخستنەوەی هاوچەرخی پەیوەندییەکانی کورد و تورکەوە دەتوانرێت ڕێگری لە مەترسییەکانی ناوچەکە و خوێنڕشتن بگیرێت و کۆمەڵگە لە قەیرانەکان ڕزگار بکرێت و بۆ ئەوەش نابێت کات بەفیڕۆ بدرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندی ئیمراڵی دەم پارتی، سەبارەت بەو دیدارەی دوێنێ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامیاندا ڕاگەیەندراوێکی بڵاویکردەوە و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، عەبدوڵا ئۆجەلان لە دیدارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگە لە ڕووی ئەخلاقی، سیاسی و ئابوورییەوە لە تەنگژەیەکی گەورەدایە و بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، دیموکراسیبوون پێویستییەکی ژیانییە.

ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە نابێت کات بەفیڕۆ بدرێت و پێویستە پڕۆسەی دیموکراسیبون ببێتە خاوەن بنەمایەکی یاسایی لەناو پەرلەماندا، چونکە بەبێ چوارچێوەیەکی یاسایی، پڕۆسەکە تەنها لە چاوەڕوانیدا دەمێنێتەوە و مەترسیی لێدەکەوێتەوە.

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، ئۆجەلان هۆشداری دەدات لە زیادبونی نەتەوەپەرستی و توندبونی ململانێکانی وەک ململانێی ئێران و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆیە پەرەپێدانی نەتەوەپەرستیی بچووک زیان بە ناوچەکە دەگەیەنێت.

ئۆجەلان چارەسەرکردنی پرسی کورد وەک ستراتیژێک بۆ ڕێگری لە خوێنڕشتن و جێگیرکردنی ئاشتی دەبینێت و دەڵێت: "ئەم پڕۆسەیە هەوڵێکە بۆ ڕێکخستنەوە و مۆدێرنکردنی پەیوەندییەکانی کورد و تورک لەسەر بنەمایەکی دیموکراتییانە".

وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئۆجەلان ڕەخنە لە نەبوونی کولتوری دیموکراسی دەگرێت و هێرشکردنە سەر لایەنە سیاسییەکان، داوا دەکات کە کۆماری تورکیا بەرەو دەرچەیەکی دیموکراتی و یاسایی ئاراستە بکرێت و داوا لە هەمووان دەکات بەشداری لە پڕۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی"دا بکەن.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ۲۰۲۴ـەوە بە دەسپێشخەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەناو پەرلەمانی تورکیاوە، پڕۆسەیەکی نوێی ئاشتی لەو وڵاتە دەستپێکرد و دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە، عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پەکەکە، لە ۲۷ـی (شوبات/۲)ـی ۲۰۲۵ داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبە و دیموکراتی بۆ تورکیای کرد.

لە وەڵامدا پەکەکە مانگی (ئایار/۵)ـی ۲۰۲۵ـدا کۆنگرەی ۱۲ـی ئەنجامدا و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی دا، هەروەها لە ڕۆژی ۱۱ـی (تەمموز/۷)، وەک نیازپاکی لەلایەن گروپێکی گەریلاوە کە ژمارەیان ۳۰ کەسبو، چەکەکانیان داناو و دواتریش لە ڕێگەی ئاگرەوە سوتێنران. لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژی ۲۶ی (تشرینی یەکەم/۱۰)ـی ساڵی ڕابردو پەکەکە کشانەوەی تەواوەتی لە تورکیا ڕاگەیاند.

لەنوێترین هەنگاویشدا کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکێتیی نەتەوەیی له‌ کۆتا کۆبوونەوەیەدا ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی پەسەندکرد، ئەوەش ناڕەزایەتی کوردی لێکەوتەوە لەبەر ئەوەی ڕاپۆرتەکە پرسی کوردی خستوەتە چوارچێوەی 'تیرۆر'ـەوە و چارەسەری درێژخایەن پێویستی بە هەمواری یاسایی و جێبەجێکردنی مافی هیوایە و هیواکانی له‌ناوبرد.

News ID 227218

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha