عێراقچی ناچێتە نیویۆرک / لەم قۆناغەدا هیچ قسەیەکمان لەسەر وردەکاریی دۆسیەی ئەتۆمی نییە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە تیشکی سەرەکیی دانوستانەکان لەسەر ڕاگرتنی شەڕە، ڕایگەیاند: لەم قۆناغەدا هیچ قسەیەکمان لەسەر وردەکاریی دۆسیەی ئەتۆمی نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیسماعیل بەقایی بەیانیی ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی ٣ و ٤ی جۆزەردان گوتی: "ڕۆژی ٣ی جۆزەردان، ساڵیادی ڕزگارکردنی خوڕەمشار و هێمای تێکنەشکانی گەلی ئێرانە؛ ٤ی جۆزەردانیش کە بە ڕۆژی دێزفوول ناودێر کراوە، هێمای خۆڕاگریی گەلە لە بەرامبەر دەستدرێژیی بێگاناندا”.

ناوبراو ئاماژەی دا بە ناونانی مووشەکە ئێرانییەکان بە ناوی دێزفوول و خوڕەمشارەوە، و وتیشی: "ئەمڕۆ بۆ گەلی لوبنانیش ڕۆژێکی گرنگە؛ ڕۆژی ڕێزلێنان لەو بەرخودانەی کە بووە هۆی ڕزگارکردنی باشووری لوبنان لە ژێر داگیرکاریی زایۆنیستەکان”.

دەزگای دیپلۆماسی لە مەیدانی سیاسییدا ئەرکێکی ڕوونی لەسەر شانە

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و گرەنتیی جێبەجێکردنی لەلایەن واشنتۆنەوە، ڕایگەیاند: "گرەنتی، خودی هێزی ئێوەیە؛ ئەمەش ئەو وانەیەیە کە گەلی ئێران دایە دەستدرێژیکاران. ئەگەر دەپرسن پلانی شاندی دانوستانکار چییە، پێویستە بپرسن پلانی گەلی ئێران و کۆماری ئیسلامی چییە. دەزگای دیپلۆماسی لە مەیدانی سیاسەتدا ئەرکێکی ڕوون و دیاری هەیە”.

بەقایی زیادی کرد: "تیشکی سەرەکیی دانوستانەکان لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕە و لەم قۆناغەدا هیچ قسەیەکمان لەسەر وردەکاریی دۆسیەی ئەتۆمی نییە. هەڕەشە، گوشار و بڵاوکردنەوەی کاریکاتۆر، بەشێکە لە شێوازی سیاسەتکردنی لایەنی بەرامبەر لەو سەری دنیاوە؛ ئێمەش کارەکانی خۆمان لە مەیدانی کرداردا پێش دەخەین”.

هێزی خۆمان، گرەنتیی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لایەنی بەرامبەرە

ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە بوونی گرەنتی بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لایەنی بەرامبەر، گوتی: "نەخێر، هیچ گرەنتییەک نییە؛ گرەنتی تەنیا هێزی خۆمانە”.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە وەڵامی ئەوەی کە بۆچی بەرپرسانی ئێران وەڵامی تویت و لێدوانە هەڕەشەئامێزەکانی ترەمپ نادەنەوە، ڕایگەیاند: "ئێمە کاری گرنگترمان لەبەر دەستە. ئەگەر بمانەوێت تەنیا وەڵامی ئەو تویت و وێنە و کاریکاتۆرانە بدەینەوە کە لایەنی بەرامبەر دەیداتە دەرەوە، لە کارە سەرەکی و گرنگەکانمان ڕادەمێنین. ئێمە لە ئێستادا تیشکمان خستووەتە سەر داڕشتن و پێشخستنی باشترین ڕێکارەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران”.

وتیشی: "هەرکوێ پێویست بێت وەڵام دەدەینەوە، ئێمە شێوازی تایبەت بە خۆمان هەیە و بڕیار نییە چاو لە شێواز و ڕێگاکانی دوژمن بکەینەوە. وەک گەلێکی خاوەن شارستانیەت، خاوەن شێواز و بەدەسەڵات، لە هەرکوێدا بە پێویستی بزانین و بە هەر شێوازێک بگونجێت وەڵام دەدەینەوە، وەک چۆن پێشتریش ئەم کارەمان کردووە”.

ڕاگرتنی شەڕ لە سەرجەم بەرەکانی جەنگدا، لە ڕەشنووسی ڕێککەوتنی سەرەتاییدا هاتووە

بەقایی جەختی لەوەش کردەوە کە پرسی ڕاگرتنی شەڕ لە سەرجەم بەرەکاندا، لەوانەش بەرەی لوبنان، لە ڕەشنووسی ڕێککەوتنی سەرەتاییدا جێگیر کراوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیاری ئایا لە ڕەوتی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکادا هیچ پێشکەوتنێک بەدی هاتووە، گوتی: "ئەو گۆڕانکارییانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا میدیایی بوون، دەرەنجامی چەند هەفتە گفتوگۆ بە ناوبژیوانیی پاکستان بوو؛ بێگومان وڵاتانی دیکەش لەم بوارەدا هاوکار بوون”.

بەقایی جەختی کردەوە: "لە بەشێکی زۆری بابەتەکانی ناو گفتوگۆکەدا گەیشتووینەتە کۆدەنگی و ئەنجامێکی ڕوون، بەڵام ناکرێت بڵێین واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە زۆر نزیکە؛ چونکە وەک دەزانن، سیاسەتکردن و بڕیاردان لە ئەمریکادا جێگیر نییە و تووشی لادان دەبێت. ئێمە بەردەوام شایەدی گۆڕینی هەڵوێست و لێدوانی دژ بەیەک لە لایەن بەرپرسانی ئەمریکاوەین، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆسپ لە ڕەوتی هەر گفتوگۆیەکتدا”.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران درێژەی پێدا: "وەک چۆن لە مەیدانی کرداردا بە دەسەڵاتەوە ڕەفتارمان کرد، لە بواری دیپلۆماسیشدا بە چاوێکی کراوە و بە پشت بەستن بە ئەزموونەکانی ڕابردوو، بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران هەوڵ دەدەین”.

ناوبراو لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە «لە ئەگەری ڕێککەوتندا، ئایا گەرووی هورمز دەکرێتەوە؟ و چ گرەنتییەک هەیە کە هێزەکانی ئەمریکا دوای داخرانی گەرووەکە کۆنترۆڵی نەکەن؟»، گوتی: "ئێوە خاوەنی هێزن و ئەوەتان سەلماندووە، بۆیە نیگەرانی گرەنتی مەبن. وڵاتێک کە توانیبێتی بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ و زیاتریش لە بەرامبەر دوو ڕژێمی پڕچەک بە چەک و کەرەستەی ئەتۆمی بەرگری لە خۆی بکات و دوژمن لە ئامانجەکانی پەشیمان بکاتەوە، بێگومان دەتوانێت لە بەردەوامیی ڕێگەکەشدا هێز و دەسەڵاتی خۆی پێشان بدات”.

لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکادا، هیچ باسێکمان لەسەر گەرووی هورمز نییە

وتیشی: "سەبارەت بە گەرووی هورمز لەم ڕێککەوتنەدا، هیچ باسێکمان لەسەر وردەکارییەکان نییە. ئەوەی کە گەرووی هورمز بە چ شێوازێک بەڕێوە ببرێت، بابەتێکە پەیوەندی بە وڵاتانی کەناراوەکانی گەرووەکەوە هەیە. لەگەڵ وڵاتانی دیکەش لە پەیوەندیداین بۆ داڕشتنی میکانیزمێک کە ئاسایش و هاتووچۆ لە گەرووی هورمزدا مسۆگەر بکات و بە باشترین شێوە بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابین بکات”.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە سزای نوێی ئەوروپا دژ بە ئێران لە پێوەند بە گەرووی هورمز و کاریگەرییەکانی، ڕایگەیاند: "هەر کارێکی دژمنکارانە وەڵامی ئێرانی لێ دەکەوێتەوە. ئێوە ناتوانن بە شێوەیەکی تاکلایەنە سزای نایاسایی بسەپێنن و چاوەڕوان بن لایەنی بەرامبەر دەستەوەستان دانیشێت”.

راشیگەیاند کە دەستی ئێران بەستراو نییە: "ئەگەر ئەوروپا لە مێژساڵەوە هەڵوێستێکی بەرپرسیارانەی بگرتایەتە بەر، ڕەنگە بەشێک لەو دەرهاویشتانەی کە ئەمڕۆ ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێوەی دەناڵێنن ڕوویان نەدابووایە. یەکێتیی ئەوروپا لەم بابەتە تایبەتەدا ئەگەر پابەندی ئەو دروشمانە بووایە کە بەرزیان دەکاتەوە، دەبوو سەرکۆنەی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکای بکردایە. پێویستە ئەوروپییەکان ئەوەیان لە یاد بێت کە گەرووی هورمز پێش ٩ی ڕەشەممە کراوە بوو، بەڵام بەهۆی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییەوە تووشی ئەم دۆخە بووە”.

ئەمیری قەتەر سەردانی تارانی نەکردووە

بەقایی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەمیری قەتەر سەردانی تارانی کردووە، گوتی: "ئەمیری قەتەر سەردانی تارانی نەکردووە، بەڵکوو جێگری سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی قەتەر سەردانی تارانی کردووە. ئەم سەردانەش لە چوارچێوەی هەوڵە دۆستانەکان و یارمەتییەکانی قەتەر بووە بۆ پێشخستنی ئەو تێگەیشتنەی کە بە ناوبژیوانیی پاکستان لە ئارادایە. ناوبژیوانی سەرەکیی دانوستانەکان پاکستانە و هەندێک وڵاتی دیکەش ڕۆڵێکی ئەرێنییان گێڕاوە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لە بابەتەکان”.

ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە هەندێک پێشبینیی میدیایی ئاماژە بەوە دەکەن لە ئەگەری ڕێککەوتندا، لەوانەیە پاکستان بە ڕەزامەندیی هەردوولا و بەبێ سەردانی شاندەکان، بەیاننامەی کۆتایی ڕابگەیەنێت؛ ئایا ئەم هەواڵە پشتڕاست دەکەنەوە و هیچ بەرنامەیەک بۆ سەردانی شاندی ئێرانی بۆ پاکستان یان سەردانی دووبارەی شاندی پاکستانی بۆ ئێران هەیە؟ گوتی: "بابەتە شکڵییەکان، لقی بابەتە ئەسڵی و نێوەڕۆکییەکەن. ئێمە لە ئێستادا تیشکمان خستووەتە سەر ڕەوتی دانوستانەکان. بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی تێگەیشتنەکە بە چ شێوازێک ڕابگەیەنرێت یان واژۆ بکرێت، کات زۆرە. سەردانی دووبارەی شاندەکان بۆ تاران یان بەپێچەوانەوە لە لایەن ئێمەوە، ئەگەر پێویست بێت دەکرێت ئەنجام بدرێت، بەڵام لە دۆخی ئێستادا هیچ بەرنامەیەکمان بۆ سەردانی پاکستان یان سەردانی بەرپرسانی پاکستانی بۆ ئێران نییە”.

هیچ چاوەڕوانییەکمان لە ڕژێمی زایۆنیستی نییە جگە لە تێکدانی هەر ڕەوتێک کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا

وتەبێژی دەزگای دیپلۆماسی لە وەڵامی پرسیاری ئاژانسی (ایسنا) سەبارەت بە ڕۆڵی تێکدەرانەی ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕێککەوتنی ئەگەریی نێوان ئێران و ئەمریکا و گۆڕانی دووبارەی هەڵوێستی بەرپرسانی ئەمریکی دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ و نەتانیاهۆ، ڕایگەیاند: "ڕژێمی زایۆنیستی ئەرکی تایبەتی خۆی ڕادەپەڕێنێت. ئێوە ناتوانن چاوەڕوانییەکتان لەم ڕژێمە هەبێت جگە لە تێکدانی هەر ڕەوتێک کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەماندا”.

وتیشی: "پێدەچێت تێگەیشتنی یەکلاکەرەوەی هەندێک لە لایەنە شەڕخوازەکان، لەوانەش ڕژێمی زایۆنیستی، لەسەر سیستمی بڕیاردان و بڕیاربەدەستانی ئەمریکا ئەوە بێت کە ئەوان زوو دەکەونە ژێر کاریگەرییەوە؛ پێیان وایە بە چەواشەکاریی میدیایی دەتوانن ئەوان لە بڕیارەکانیاندا تووشی دڕدۆنگی بکەن و وا بکەن بڕیارەکانیان بەردەوام بگۆڕێت”.

بەقایی جەختی کردەوە: "هاوپەیمانییەکی نووسراو یان نەنووسراو لە نێوان هەندێک لە ڕەوتە شەڕخوازەکانی ناو ئەمریکادا هەیە، چ کۆماریخواز بن و چ دیموکرات، لەگەڵ لۆبی ڕژێمی زایۆنیستیدا. ئەم بابەتەش تەنیا پەیوەندی بەم ڕۆژانەوە نییە، بەڵکوو بابەتێکی زۆر ڕیشەیی و ڕوونە کە هەمیشە لە پێناو تێوەگلاندنی ئەمریکا لە شەڕە بێبڕانەوەکاندا کاری کردووە”.

لە گەرووی هورمندا باج و سەرانە وەرناگرین

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکی ئوسترالیاییدا کە پرسیبووی ئێران لە ژێر چ مەرجێکدا گەرووی هورمز دەکاتەوە و ڕێگە بە تێپەڕبوونی کەشتییەکان دەدات؟ ئایا ئێران دەیەوێت باج و سەرانە لە وڵاتان وەربگرێت؟ ڕایگەیاند: "ئێمە باج و سەرانە وەرناگرین و بە دوای وەرگرتنی سەرانەدا نین. هەنگاوەکانی ئێران و عۆمان بۆ داڕشتنی پڕۆتۆکۆڵ و میکانیزمێکە بەمەبەستی دڵنیابوون لە هاتووچۆی بێمەترسیی کەشتییەکان لەو گەرووەدا، کە ئەمەش هەنگاوێکی بەرپرسیارانە و هاوتەریبە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا".

ئاماژەی بەوەش کرد: "سروشتییە ئەو خزمەتگوزارییانەی لەم ڕەوتەدا پێشکەش دەکرێن، لەوانەش خزمەتگوزاریی دەریاوانی و ئەو هەنگاوانەی بۆ پاراستنی ژینگە لە گەرووی هورمز و دەریای عۆماندا دەگیرێنە بەر، پێویستیان بە دابینکردنی تێچووەکان هەیە؛ کەواتە ئەمە وەرگرتنی باج و سەرانە نییە”.

بەقایی جەختی کردەوە: "ئێران و عۆمان بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە لەم پێناوەدا هەوڵ دەدەن و هیوادارین هەرچی زووە بگەنە ئەنجام”.

لەگەڵ کێشەی وەرگرتنی ڤیزا لە لایەن ئەمریکاوە ڕووبەڕووین

وتەبێژی دەزگای دیپلۆماسی، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سەفەری وەزیری کاروباری دەرەوە بۆ نیویورک بەمەبەستی بەشدارییکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پێشنیاری چین، ڕایگەیاند: "پێشتریش لەسەر ئەم سەفەرە ڕوونکردنەوەم دابوو و گوتبووم کە بەپێی ئەولەویەت و بارودۆخەکە بڕیار دەدەین کە ئەم سەفەرە دەکرێت یان نا. لە هەمان کاتدا بە سەرنجدان بە کۆی بارودۆخەکە، ئەم سەفەرە ئەنجام نادرێت؛ بێگومان ئێمە لەگەڵ کێشەیەکی دیکەشدا ڕووبەڕوو بووینەوە کە ئەویش وەرگرتنی ڤیزای ئەمریکایە”.

بەقایی جەختی کردەوە: "بە هەر حاڵ، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش سبەینێ سێشەممە بەڕێوەدەچێت و بەڕێز عێراقچی بۆ بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیەدا سەفەری نیویورک ناکات".

News ID 227216

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha