کوردپرێس: بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا مەسروور بارزانی وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی بۆ سەرخستنی کابینەکەی دووپاتکردەوە، بە ئامانجی خزمەتکردنی سەرجەم پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراق بەبێ جیاوازی.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە، بە شێوەیەک کە لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان بێت.
لەلایەن خۆیەوە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکە دەربڕی و ڕایگەیاند: "ئێمە هەمووان هاوبەشین لەم وڵاتەدا؛ ئامانجمان چارەسەرکردنی کێشەکان، گەیشتن بە ڕێککەوتن و خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییان و پێکهاتەکانە بێ جیاوازی".
له کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پتەوکردنی هاوئاهەنگی و هاریکاریی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان.
جێی ئاماژەیە، بەیانی ئەمڕۆ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵادا گەیشتە بەغدا، و بڕیارە زنجیرە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق ئەنجام بدات.
Your Comment