بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کەمکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بوودجەی بەرگریی ساڵی ۲۰۲۷ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، مشتومڕێکی بەرفراوانی لەسەر ئایندەی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان واشنتۆن و هەولێر دروست کردووە؛ بەتایبەت لە کاتێکدا کە هەرێم هێشتا وەک شەریکێکی سەرەکیی ئەمریکا لە شەڕی دژی داعش و پاراستنی سەقامگیریی باکووری عێراق سەیر دەکرێت.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە ۳ی نیسانی ۲۰۲۶دا, وردەکاریی بوودجەی بەرنامەی "مەشق و پڕچەککردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش"ی بۆ عێراق بڵاوکردەوە؛ بوودجەیەک کە تێیدا هاوکاریی ڕاستەوخۆ بۆ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە ۶۱ ملیۆن دۆلارەوە بۆ سیفر کەم بووەتەوە. هاوکارییەکانی تایبەت بە دانی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەش پێشتر، لە ساڵی ڕابردوودا، لە ۶۰ ملیۆن دۆلارەوە گەیشتبووە سیفر. لەگەڵ ئەوەشدا، واشنتۆن هێشتا زیاتر لە ۱.۳۵ ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاریی پزیشکی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لەبەرچاو گرتووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم پاڵپشتییانە بۆ بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش و مەشقی هێزەکان بەردەوام دەبن.
ئەم کەمکردنەوەی بوودجەیە بووە هۆی دروستبوونی چەندین گومان و دەنگۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا؛ لەوانە ئەو بانگەشەیەی کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ خەریکی "سزادانی" کوردەکانە، یاخود واشنتۆن بەهۆی خاویی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەوە پاڵپشتییەکانی کەمکردووەتەوە. بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەر دوو ئەم گێڕانەوەیە ڕەتدەکەنەوە. وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە ۳ی ئایاردا ڕایگەیاند کە "ڕاگرتنی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا" ڕاست نییە و هاوکاریی سەربازی لەگەڵ واشنتۆن هێشتا لەسەر بنەمای یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بەردەوامە. ئەم وەزارەتخانەیە ڕوونی کردەوە کە کەمکردنەوەی بەشێک لە هاوکارییەکان زیاتر پەیوەندیی بە سنوورداربوونی چالاکییەکانی داعش و گۆڕانی پێکهاتەی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە هەیە.
لە دەقە نوێیەکەدا، بوودجەی نوێی ئەمریکا هێشتا بڕی ۱.۸۲ ملیۆن دۆلار بۆ دابینکردنی پێداویستیی هێزە تایبەتەکانی "سوات" لە سلێمانی لەخۆدەگرێت؛ هێزگەلێک کە بە گوتەی پنتاگۆن، لە هاوکاری لەگەڵ هێزە تایبەتەکانی ئەمریکادا ڕۆڵێکی کاریگەرییان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە باکووری هێڵی هەماهەنگیی کوردەکاندا گێڕاوە. هەروەها لە بوودجە نوێیەکەدا، ۵۷ ملیۆن دۆلار بۆ دەزگای دژەتیرۆری عێراق و ۳۸ ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق تەرخانکراوە. بە شێوەیەکی گشتی، کۆی گشتیی بوودجەی بەرنامەی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراقدا لە ۱۷۵ ملیۆن دۆلارەوە بۆ نزیکەی ۹۶ ملیۆن دۆلار دابەزیوە.
سەرەڕای ئەم کەمکردنەوانە، هەندێک لە نوێنەرانی کۆنگرێسی ئەمریکا هۆشدارییان لە دەرئەنجامەکانی داوە. مایک تێرنەر، نوێنەری کۆمارییەکان لە کۆنگرێس، لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکادا، نیگەرانیی خۆی لەسەر کەمکردنەوەی پاڵپشتیی پێشمەرگە دەربڕی. لە بەرامبەردا، دانیال زیمەرمان، جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی جەختی کردەوە کە پێشمەرگە هێشتا وەک "یەکێک لە بەتواناترین و جێی متمانەترین شەریکەکانی ئەمریکا" لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە. ئەم هەڵوێستانە لە کاتێکدا دەخرێنەڕوو کە دوای شەڕی ۲۸ی شوباتی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، گرووپە چەکدارەکان لە عێراق سەدان هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر بنکە و ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە هەولێر و بەغدا؛ بابەتێک کە بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکی، جارێکی دیکە گرنگیی هەرێمی کوردستانی بۆ بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی واشنتۆن خستووەتەوە بەرچاو.
کۆتاییهاتنی پلەبەندیی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و پێشمەرگە؛ بەشێکی گرنگی کەمبوونەوەی پاڵپشتیی ئەمریکا، بۆ کۆتاییهاتنی پلەبەندیی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنە چوار ساڵەیە دەگەڕێتەوە کە لە ساڵی ۲۰۲۲دا لە نێوان هەولێر و واشنتۆندا بۆ چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە واژۆکرا. ئەم یاداشتە کە تا ئەیلوولی ۲۰۲۶ تمدید کراوەتەوە، ئامانجی تێکەڵکردنی هێزەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان ناسراو بە "یەکەی ۸۰" و هێزەکانی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناسراو بە "یەکەی ۷۰" بوو لەژێر فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگەدا. ڤیکتۆریا تایلۆر، بەرپرسی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت کۆتاییهاتنی هاوکارییە داراییەکان لە چوارچێوەی ئەم یاداشتەدا "نابێتە جێی سەرسوڕمان"، چونکە ئدارەی ترەمپ لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی گەورە لە هاوکارییە دەرەکییەکانی ئەمریکای کەمکردووەتەوە. ڕاپۆرتی پشکێنەری گشتیی پنتاگۆن کە لە شوباتی ۲۰۲۶دا بڵاوکرایەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە کەمکردنەوەی پاڵپشتیی پێشمەرگە بەشێکە لە پرۆسەیەکی پلانبۆداڕێژراوی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و پەیوەندیی بە شەڕی ئەم دواییەی ئێرانەوە نییە. ئەم ڕاپۆرتە لە هەمان کاتدا دەڵێت کە پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە زۆر خاوتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا بەڕێوە چووە و تەنانەت لەگەڵ تمدیدکردنە یەک ساڵییەکەشدا، ئەگەری تەواوبوونی تەواوەتییەکەی تا ساڵی ۲۰۲۶ کەمە.
ناڕەزایەتیی ئەمریکا لە خاویی پرۆسەی یەکخستنەوە؛ زۆربەی شرۆڤەکاران و بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا پێیان وایە هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی پاڵپشتیی واشنتۆن، خاویی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزە حزبییەکانی کوردستانە لەناو پێکهاتەی فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگەدا. یێروان سەعید، بەڕێوەبەری "سەنتەری توێژینەوەی ئاشتیی کوردی" لە زانکۆی ئەمریکی دەڵێت بەرپرسانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پێشکەوتنی سنوورداری چاکسازییەکان نائومێد بوون. بە گوتەی ئەو، هەولێر لەو کاتەدا دەبووە خاوەنی پێگەیەکی بەهێزتر بۆ نوێکردنەوەی یاداشتەکە و بەردەوامبوونی وەرگرتنی بوودجەکە، ئەگەر نەخشەڕێگای هاوپەیمانییەکەی بە جدیتر جێبەجێ بکردایە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەم دواییانەدا لە مەراسیمی دەرچوونی خوێندکارانی سەربازی لە زاخۆ، بەڕوونی ڕەخنەی لە نەبوونی "ئیرادەی سیاسیی پێویست" گرت بۆ پێشخستنی پرۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە و هۆشداریدا کە ئەم بابەتە زیانی بە ناوبانگی هەرێمی کوردستان لەبەردەم هاوپەیمانە ڕۆژاواییەکاندا گەیاندووە.
ئایندەی هاوکاری سەربازیی ڕۆژاوا لەگەڵ هەرێم؛ لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ساڵی ۲۰۲۴ی نێوان بەغدا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بڕیارە هێزەکانی هاوپەیمانان تا ئەیلوولی ۲۰۲۶ کۆتایی بە ئەرکەکانیان لە عێراق بهێنن. بەشێکی زۆری هێزەکانی هاوپەیمانان پێشتر خاکی عێراقیان جێهێشتووە و بە شێوەیەکی سەرەکی لە هەرێمی کوردستاندا ماونەتەوە. لەم نێوەندەدا, بەرپرسانی پێشمەرگە دەڵێن هەوڵەکان بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی دووقۆڵیی نوێ لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی بەردەوامن. لەگەڵ ئەوەشدا، چارەنووسی ئەم هاوکارییانە هێشتا نادیارە. بەختیار محەمەد سدیق، سکرتێری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە گوتوویەتی کە ئەڵمانیا و بەریتانیا ئەگەرێکی زۆرە لە بڕیارەکانیاندا چاو لە واشنتۆن بکەن، بەڵام فەڕەنسا و ئیتالیا پێدەچێت سیاسەتێکی سەربەخۆ لە هەمبەر هەرێم بگرنەبەر. لەم پێناوەشدا، وەزیری بەرگریی ئیتالیا لە دیدارێکی ئەم دواییەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لە ڕۆما، جەختی کردەوە کە پاڵپشتییەکانی ڕۆما بۆ هەرێمی کوردستان لە بواری سەربازی و ئەمنیدا بەردەوام دەبن. ئێستا ئەمریکا، فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتالیا و هۆڵەندا لە چوارچێوەی "گرووپی ڕاوێژکاریی فرەنەتەوەیی" پاڵپشتیی پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە دەکەن، بەڵام هێشتا ڕوون نییە ئایا ئەم بەرنامانە دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لە ساڵی ۲۰۲۶دا بەردەوام دەبن یاخود نا.
سەرەڕای کەمکردنەوەی بوودجەکە، زۆرێک لە بەرپرسانی ئەمریکا هێشتا جەخت لەسەر گرنگیی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە. مایڵز کاگینز، وتەبێژی پێشووی هاوپەیمانیی دژی داعش دەڵێت هاوکاری لەگەڵ پێشمەرگە بۆ ئەمریکا "کەم تێچوو بەڵام زۆر بەرهەمدار" بووە؛ چونکە هێزە کوردییەکان بە بوودجەیەکی سنووردارەوە توانیویانە ئاسایشی هەرێم و ئامادەیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بپارێزن. ئەو هەروەها داوای فرۆشتنی بەپەلەی سیستمی دژەدرۆنی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و هۆشداریدا کە هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییە بۆ سەر ژێرخانە نەوتییەکان و بنکەکانی ئەمریکا لە هەرێم، دەکرێت ببێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وەبەرهێنانە ڕۆژاواییەکان لە ناوچەکەدا.
Your Comment