پشکی کەمی کورد لە ئیدارەی نوێی سووریادا

تەرخانکردنی تەنیا ٩ کورسی بۆ نوێنەرانی کورد لە نێوان ١٤٠ کورسیی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی سووریادا، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی لە نێوان پارتە کوردییەکان دروست کردووە. ڕەخنەگران دەڵێن حکوومەتی کاتیی ئەحمەد ئەلشەرع بە دووبارەکردنەوەی مۆدێلە سیاسییەکانی سەردەمی ئەسەد، کوردی لە بەشداریی ڕاستەقینە لە داهاتووی سووریادا بێبەش کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەکاتێکدا حکوومەتی کاتیی سووریا پرۆسەی پێکهێنانی پەرلەمانی نوێی وڵاتەکە بەڕێوە دەبات، پارت و ڕەوتە سەرەکییەکانی کورد بە ڕەخنەی توند لە میکانیزمی هەڵبژاردن و پشکی کەم و نۆڕینی کورد لە پێکهاتەی نوێی دەسەڵاتدا، حکوومەتی دیمەشق بە بەردەوامیدان بە سیاسەتەکانی سڕینەوە و پەراوێزخستنی سەردەمی بنەماڵەی ئەسەد تۆمەتبار دەکەن؛ بابەتێک کە بووەتە هۆی هەڕەشەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن هەندێک لە گرووپە کوردییەکانەوە.

تەوەری سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە کۆی ١٤٠ کورسیی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی نوێی سووریا، پێدەچێت تەنیا ٩ کورسی بۆ نوێنەرانی کورد تەرخان بکرێت؛ سێ کورسی لە عەفرین، یەک کورسی لە سەفیرە و دێر حافیر، و پێنج کورسییەکەی دیکەش لە حەسەکە و کۆبانێ. سەرکردە کوردەکان دەڵێن ئەم ڕێژەیە هیچ گونجانێکی لەگەڵ ڕێژەی دانیشتووان و پێگەی سیاسیی کورددا نییە لە سووریادا.

میکانیزمی نوێی هەڵبژاردنەکان لە سووریا

حکوومەتی کاتیی سووریا ڕایگەیاندووە کە بەهۆی «بارودۆخی نائاسایی» پاشماوەی ساڵانێک لە شەڕ و پرۆسەی کاتیی سیاسی، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ و سەرتاسەری لە بارودۆخی ئێستادا مەحاڵە.

بەپێی سیستمی نوێ، دەنگدانی گشتی بەڕێوە ناچێت و پەرلەمانی ٢١٠ کەسیی سووریا ــ کە بە «مجلس الشعب» (ئەنجومەنی گەل) دەناسرێت ــ لە ڕێگەی مۆدێلێکی تێکەڵاوەوە پێکدێت؛ بەجۆرێک کە ٧٠ ئەندام ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی کاتیی سووریاوە دادەمەزرێن و ١٤٠ کورسییەکەی دیکە لە ڕێگەی پرۆسەیەکی سنووردار و ناڕاستەوخۆوە هەڵدەبژێردرێن.

دکتۆر نووار نەجمە، وتەبێژی «لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەل» کە لە ١١ ئەندام پێکهاتووە، دەڵێت ئەم کۆمسیۆنە هەوڵ دەدات دامەزراوەکانی هەڵبژاردن «سەربەخۆ و بێلایەن» بمێننەوە و هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا نوێنەرایەتییان تێدا هەبێت.

ئەم لیژنەیە کە لە حوزەیرانی ٢٠٢٥دا پێکهێنرا، بەرپرسیارە لە دیاریکردنی لیژنە لاوەکییەکانی هەڵبژاردن لە بازنە جیاوازەکاندا. ئەندامانی ئەم لیژنە لاوەکییانە دەتوانن بۆ هەر کورسییەک، لیستێکی ٥٠ کەسی بە لیژنەی باڵا بناسێنن. تەنیا ئەو کەسانەی ناویان لەم لیستانەدا هەیە، مافی خۆپاڵاوتن و دەنگدانیان دەبێت.

لە قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥دا بەڕێوە چوو و تێیدا ١١٩ نوێنەر لە سەرتاسەری سووریادا هەڵبژێردران، کەمتر لە ٠.٠٠٠٣٪ی دانیشتووانی وڵاتەکە لە پرۆسەی دەنگداندا بەشدار بوون.

دوای کۆنترۆڵکردنی ڕەقە و تەبقە لەلایەن حکوومەتی دیمەشقەوە لە کانوونی دووەمی ڕابردوودا، شەش نوێنەری دیکەش هەڵبژێردران. هەروەها ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم لە نێوان حکوومەتی سووریا و بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، زەمینەی دەستپێکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی بۆ ١٠ کورسیی پارێزگای حەسەکە و دوو کورسیی کۆبانێ ڕەخساند. سێ کورسیی پارێزگای سوەیدا هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.

ناڕەزایەتی بەرفراوان بەرامبەر بە پشکی کەمی کورد لە حەسەکە

لیستی کۆتایی بەربژێرانی کورسییەکانی پارێزگای حەسەکە پێکهاتووە لە: ١٩٨ کەس بۆ چوار کورسیی قامیشلۆ، ١٠٠ کەس بۆ دوو کورسیی دێرک و ١٥٠ کەس بۆ سێ کورسیی شاری حەسەکە. کورسیی ناوچەی سەرێکانیش (ڕەسولعەین) پێشتر یەکلایی کراوەتەوە.

نوێنەرە هەڵبژێردراوەکان بۆ ماوەی ٣٠ مانگ کار دەکەن و ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەکەشیان هەیە.

دواتر، ئەوەی تووڕەیی ڕەوتە کوردییەکانی بەرزکردووەتەوە، ئەو ڕێککەوتنە پشتپەردانەیە کە بەپێی ئەوان تەنیا چوار کورسی لە کۆی ١٠ کورسیی حەسەکە بە کورد دەدرێت؛ دوو کورسی نزیک لە پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD) و دوو کورسی نزیک لە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS).

لە کاردانەوەی ئەم بابەتەدا، ڕۆژی ڕابردوو ٢٤ پارت و ڕێکخراوی سیاسیی کوردی سووریا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش، ئەم پرۆسەیەیان سەرکۆنە کرد و بە هەوڵێکی بەئەنقەست بۆ کەمکردنەوەی پشک و کاریگەریی کورد لەقەڵەمیان دا.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: «مورەکزکردنی نوێنەرایەتیی کورد لە چوار کورسیدا، واقیعی بوونی کورد لە سووریا پشتگوێ دەخات، ڕێگری لە بڕیاردانی دادپەروەرانە دەکات و قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە.»

پارتە واژۆکەرەکان بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە کورد نزیکەی ٢٠٪ی دانیشتووانی سووریا پێکدەهێنێت، داوای تەرخانکردنی ٤٠ کورسیی پەرلەمانیان بۆ نوێنەرانی کورد کرد و پرۆسەی ئێستای هەڵبژاردنەکانیان بە «بەردەوامیی سیاسەتە جیاکاری و ڕەگەزپەرستانەکان» وەسف کرد کە «ڕەنگدانەوەی نوێنەرایەتیی ڕاستەقینە نییە.»

ئەوان هەروەها هەڵبژاردنی «عەبدوڵڵا عەبدولحەمید عەبدوڵڵا» ــ کە کەسایەتییەکی عەرەبە ــ بۆ کورسیی سەرێکانی، لە چوارچێوەی جێگیرکردنی ئەو گۆڕانکارییە دیموگرافیانەدا دانا کە لە ئەنجامی پرۆژەی «کەمەربەندی عەرەبی»ی حافز ئەسەد لە ناوچە کوردنشینەکاندا ئەنجام دراون.

لە نێوان ئەو پارت و گرووپانەی کە بەیاننامەکەیان واژۆ کردووە دەکرێت ئاماژە بەمانە بکرێت: پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD)، تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک (TEV-DEM)، ڕێکخراوی ژنانی «کۆنگرەی ستار»، پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا، پارتی کۆمۆنیستی کوردستان و پارتی سەوزی دیموکراتیک.

ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) واژۆی لەسەر ئەم بەیاننامەیە نەکرد، ئەگەرچی هێشتا وەک بەشێک لە گفتوگۆ سیاسییەکانی کوردان هەژمار دەکرێت.

جیاوازیی بیروڕا لە نێوان پارتە کوردییەکاندا

پەروین یوسف، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD)، ڕایگەیاند کە پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری ناکات. ئەو بە ڕەخنەگرتن لە میکانیزمی دامەزراندن و پشکێنەکردنی کورسییەکان وتی، ئەم پرۆسەیە «ئیرادەی ڕاستەقینەی گەل» پشتگوێ دەخات.

یوسف زیادی کرد: «ئێمە داوای پەرلەمانێک دەکەین کە بەشداریی کاریگەری کورد لە داهاتووی سووریادا مسۆگەر بکات.» ئەو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پرۆژەی ئێستا تەنیا دوو ڕەوتی کوردی ــ پارتی یەکێتیی دیموکرات و ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا ــ بە فەرمی دەناسێت و پارتە گرنگەکانی دیکەی کورد پشتگوێ دەخات.

لەکۆنتێکستێکی پێچەوانەدا، نووار نجمە، وتەبێژی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان، بە ئاژانسی «ئامارگی» ڕایگەیاندووە کە بەشدارینەکردنی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا گرنگییەکی ئەوتۆی نییە، چونکە ئەنجومەنی گەل دامەزراوەیەکی یاسادانانە و دەبێت «نوێنەرایەتی تەواوی کۆمەڵگەی سووریا» بکات.

هەندێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردیش هۆشدارییان داوە لە نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان پارتی یەکێتیی دیموکرات و ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا ــ سەرەڕای بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی یەکڕیزیی کوردان لە نیسانی ٢٠٢٥دا ــ و پێیان وایە ئەم لێکترازانە دەبێتە هۆی لێکەوتەی نەرێنی بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان.

نەعەمەت داوود، یەکێک لە سەرکردەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS)، بەرگری لە بڕیاری ئەنجومەنەکە کرد بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا و وتی بایکۆتکردنی هەڵبژاردن بە مانای «دەستبەرداربوونی تەواوەتی لە دەنگی کورد» دەبێت.

ئەو وێڕای قبوڵکردنی کەموکوڕییەکانی سیستمی ئێستا، جەختی کردەوە کە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئامادەبوونی لە پرۆسەی سیاسیدا، بەرگری لە مافەکانی کورد لە دەستووری نوێدا بکات و لە پاڵ گرووپە نەتەوەیی و ئاینییەکانی دیکەدا، ڕۆڵی هەبێت لە داڕشتنەوەی داهاتووی سووریادا.

محەمەد موسا، لە پارتی چەپی کوردی سووریا، هۆشداری دا کە بەشداریکردنی جیاجیای پارتە کوردییەکان لە دیمەشق و شوێنکەوتنی حیساباتی تاکەکەسی، پێگەی هاوبەشی کورد لاواز دەکات.

موستەفا مەشایەخ، سەرۆکی لیژنەی سیاسیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی کوردی سووریا (یەکێتی)، وتیشی ڕاپەڕینی جەماوەریی ساڵی ٢٠١١ی سووریا بە داواکاریی گەل بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی دیموکرات و نامەرکەزی دەستی پێکرد؛ بەڵام «دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق» هێشتا هەمان سیاسەتی تاکڕەوانە و سڕینەوە پەیڕەو دەکەن و لە ڕێگەی دابەشکردنی بژاردەیی کورسییەکانەوە، دەیانەوێت لێکترازان لە نێوان ڕەوتە کوردییەکاندا دروست بکەن.

ئەو جەختی کردەوە کە کێشەی کورد تەنیا لە ژمارەی کورسییەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو پەیوەندی بە بەشداریی ڕاستەقینە و مسۆگەرکردنی مافە سیاسییەکانی کوردەوە هەیە لە داهاتووی سووریادا.

نیگەرانیی چالاکوانانی ژن لە سڕینەوەی ژنان لە پەرلەمانی نوێدا

لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا، ناوچە کوردنشینەکانی سووریا زیاتر لەژێر چاودێری و بەڕێوبەرایەتیی «بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر»دا بەڕێوە براون؛ پێکهاتەیەک کە جەختی لەسەر بەشداریی یەکسانی ژنان و پیاوان لە بەڕێوەبردنی سیاسی و کارگێڕیدا دەکردەوە. بەڵام پرۆژە نوێیەکەی پەرلەمانی سووریا هیچ گەرەنتییەک بۆ ئامادەیی کاریگەری ژنان پێشکەش ناکات.

ڕێحان لۆکۆ، وتەبێژی ڕێکخراوی ژنانی «کۆنگرەی ستار»، ڕایگەیاند کە حکوومەتی کاتیی سووریا لە کردەوەدا ژنانی وەلا ناوە. ئەو وتی: «بڕیارەکانی حکوومەت کەلێنێکی ئاشکرای لە نێوان دروشمەکان و کردەوەی ڕاستەقینەدا دروست کردووە. لە ناوچەکانی ئێمەدا ژنان نیوەی پێکهاتەی سەرکردایەتی پێکدەهێنن، بەڵام لە پەرلەمانی نوێدا خەریکە بە تەواوی وندەبن.»

کۆنگرەی ستار ڕایگەیاندووە کە هەڵبژاردنەکان بایکۆت دەکات. لۆکۆ جەختی کردەوە: «هەر ڕێڕەوێکی سیاسی کە بەشداریی ڕاستەقینە و کاریگەری ژنان مسۆگەر نەکات، ناتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی سووریایەکی دیموکرات، فرەدەنگ و بنەمادار لەسەر یەکسانی.»

پارتە کوردییەکان لە کۆتایی بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا جەختیان لەسەر پێویستیی «هاوبەشیی ڕاستەقینەی نیشتمانی» کردەوە و داوای داڕشتنی دەستوورێکی مۆدێرنیان کرد کە دان بە مافە نەتەوەییەکانی کورد و هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریادا بنێت.

بڕیارە یەکێک لە یەکەمین ئەرکەکانی پەرلەمانی نوێی سووریا، دەستپێکردنی پرۆسەی داڕشتنی دەستووری نوێی وڵات بێت؛ بابەتێک کە بووەتە یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی کاتیی سیاسی لە سووریا.

بەڵام ئەگەر پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD) هەڕەشەکەی بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن جێبەجێ بکات، لە کردەوەدا لە پرۆسەی داڕشتنی دەستوور وەدەر دەنرێت؛ هەرچەندە سەرکردەکانی ئەم پارتە پێیان وایە کورد هەر لە ئێستاوە لە بەشداریی ڕاستەقینە لە پێکهاتەی داهاتووی سووریادا بێبەش کراوە.

News ID 227190

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha