نۆ وەزارەتى کابینەکەى عەلى زەیدی بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن

کۆتا دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گرژی و ئاڵۆزییەکی توندی بەخۆوە بینی، کە بووە هۆی تێکچوونی ڕەوتی دەنگدانەکە و دواجار دواخستنی بڕیاردان لەسەر پڕکردنەوەی پۆستی وەزیری ناوخۆ و چەند وەزارەتێکی دیکە، بە جۆرێک کە سەرەنجام دانیشتنەکە بەبێ یەکلاکردنەوەی ئەم پرسانە کۆتایی پێ هێنرا و هەڵگیرا.

کوردپرێس: ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژی ۱۴ـی ئایاری ۲۰۲۶، پەرلەمان توانی دەنگ لەسەر کارنامەی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی و ۱۴ وەزیری کابینەکەی بدات، بەڵام هێشتا ۹ وەزارەتی جیاواز ماون کە پێویستیان بە دەنگی متمانە هەیە، کە لە نێوانیاندا وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری بە گرنگترین و هەستیارترین جومگەکانی دەسەڵات دادەنرێن و چاوەڕێی یەکلاکردنەوەن.

پرۆسەی سپاردنی ئەم وەزارەتە سیادییانە بە تەواوی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ڕێککەوتنە سیاسییە ئاڵۆزەکانی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی وڵات، بە شێوەیەک بەپێی ئەو نەریتە سیاسییەی کە لە دوای ساڵی ۲۰۰۳ـەوە باوە، وەزارەتی ناوخۆ وەک پشکی پێکهاتەی "ماڵی شیعە" دیاری کراوە و لە بەرامبەریشدا وەزارەتی بەرگری بە پشکی پێکهاتەی "ماڵی سوننە" دادەنرێت. هاوکات بەهۆی ئەوەی هەر لایەنێکیان لە چەندین هێز، پارت و قەوارەی سیاسی جیاواز و جۆراوجۆر پێکدێن، جۆرێک لە ململانێ و ڕکابەریی زۆر تووند و قورس لە نێوانیاندا هەیە بۆ دیاریکردن و بەربژێرکردنی ئەو کەسایەتییانەی کە بڕیارە ئەم دوو پۆستە ئەمنییە گرنگە وەربگرن.

نۆ وەزارەتى کابینەکەى عەلى بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن

له‌ ڕووی ده‌ستووری و یاساییه‌وه‌، هیچ ده‌قێکی ڕوون شه‌رعیه‌ت نادات به‌ ڕاییکردنی کاروباری ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی که‌ هێشتا متمانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیان پێ نه‌دراوه‌، و ده‌ستبه‌کاربوونی هه‌ر وه‌زیرێک پێش ئه‌وه‌ی ده‌نگی پێویست له‌ په‌رلەمان به‌ده‌ستبهێنێت، وه‌ک سه‌رپێچییه‌کی ڕوون دژ به‌ یاساکان ئه‌ژمار ده‌کرێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە بڕیاری ژمارە ۹۷ـی ساڵی ۲۰۲۲دا جەختی کردووەتەوە کە هەر بڕیار، هەنگاو یان ڕێکارێک لەلایەن وەزارەت یان وەزیرێکەوە بگیرێتەبەر کە هێشتا متمانەی یاسایی لە پەرلەمان وەرنەگرتبێت، هیچ بنەمایەکی دەستووری نییە و سەرجەم شوێنەوارە یاساییەکانی بە پووچەڵ و باڵاڵ دەژمێردرێن.

بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە کارگێڕییە تا ئەو کاتەی دەنگدانی پەرلەمان یەکلا دەبێتەوە، بە شێوەیەکی ئاسایی ڕێوشوێنی تایبەت دەگیرێتەبەر، بە جۆرێک کە وەزارەتەکە بە وەکالەت دەسپێردرێتە دەست وەزیرێکی دیکەی کابینەکە کە پێشتر دەنگی متمانەی هێناوە، یان لە ڕێگەی بریکارەکانی ناو وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکانەوە کاروباری ڕۆژانەی هاووڵاتیان بەڕێوەدەبرێت. بەڵام لە هەندێک حاڵەتی تایبەت و هه‌ستیاردا، به‌ تایبه‌تی کاتێک بابه‌ته‌که‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ وه‌زاره‌ته‌ ئه‌منی و سیادییه‌کانه‌وه‌، خودی سەرۆکوەزیران وەک سەرپەرشتیاری یەکەم و ڕاستەوخۆ دەستوەردەدات و خۆی بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردن و ڕاییکردنی سەرجەم کارەکانی ئەو وەزارەتانە دەگرێتە ئەستۆ.

 

سەرچاوە: کلیل نیووز

News ID 227177

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha