پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی نامه‌یه‌ک بۆ سه‌رۆکایه‌تی و حکوومەتی هه‌رێم ده‌نێرن

پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و هاوەڵانی نامه‌یه‌ک بۆ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، حکوومەت و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ده‌نێرن و رایده‌گه‌یه‌نن، ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر حه‌مه‌ ڕەش هاتوه‌ سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و ئەنجومەنی دادوەری، دەخاتە بەردەم داڕووخانی تەواوی شەرعییەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و هاوەڵانی له‌ نامه‌یه‌کدا له‌باره‌ی حەمەڕەش، یه‌کێک له‌ ده‌ستگیرکراوانی لاله‌زار باس له‌وه‌ده‌که‌ن، "حەمەڕەش، نۆ مانگە لە پشت دیوارە تاریکەکانەوە دەستبەسەرە، بێدەنگ نابین لە ئاست ئەو دڕندەیی و ڕەفتارەی بەرامبەر بریکارەکەمان ئەنجام دراوە، ئەوەی بەرامبەر بەم مرۆڤە کراوە، تەنها لێدان نییە لە تۆمەتبارێک، بەڵکو سڕینەوەی کەرامەت و شکۆی مرۆڤە لەژێر سایەی یاسادا".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شکردوه‌، "حەمەڕەش لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بە توندی ئەشکەنجە دراوە، ددانی شکێندراوە، سەری شکێندراوە و تەقەڵە، پشتی بە چەقۆ لێیدراوە و تەقەڵە، بە شێوازێکی نامرۆڤانە و لە لوتکەی دڕندەیدا، هێرش کراوەتە سەری و بە زمانی خۆی دەڵێ لە پیاوەتی خراوم؛ ئەمە تاوانێکە نەک هەر یاسا، بەڵکو عورف، ئاین و ویژدانی مرۆڤایەتیش لێی بەرییە و دەبێت تەواوی کۆمەڵگە راچڵەکێ و راپەڕێت".

له‌ نامه‌که‌دا هاتوه‌، "ئەم کارەساتە تۆقێنەرە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وەک بەرزترین دەسەڵات، و ئەنجومەنی دادوەری وەک پارێزەری مافەکان، دەخاتە بەردەم داڕوخانی تەواوی شەرعییەتەوە، چۆن ڕێگە بە دانپێدانانی وادەدەن؟".

ڕوونیشیکراوه‌ته‌وه‌، "حکوومەت وەک دەسەڵاتی جێبەجێکردن، وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەکانی ۷۰، ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش لە کوێن؟ چۆن قبوڵ دەکەن ئەندامانی ناو هێزەکانتان هاوڵاتی و پێشمەرگە ئەتک بکەن و بێدەنگ بن؟ بێدەنگیتان هاوبەشیکردنە لە تاوانەکە".

پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و هاوەڵانی له‌ نامه‌که‌دا ده‌ڵێن، "ئێمە وەک تیمی بەرگری، سەرجەم ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، نەتەوە یەکگرتوەکان و کونسوڵخانەکان دەخەینە ژێر بەرپرسیارێتییەکی مێژوییەوە؛ ئەگەر ئەشکەنجەیەک کە کەرامەت و جەستەی مرۆڤ بە تەواوی لەناوببات و بیکاتە ئامانج نەتانجوڵێنێت؟ کەواتە فەلسەفەی بونی ئێوە چییە؟ پێویستە بەپەلە لیژنەیەکی نێودەوڵەتی و بێلایەنی پزیشکی و یاسایی بۆ پشکنینی باری تەندروستی حەمەڕەش پێکبهێنرێت".

داواش کراوه‌ که‌ ناسنامەی ئەوکەسانە ئاشکرا بکرێ کە ئەشکەنجەیان داوە و بەتونترین شێواز سزابدرێن، ئەگەر ئەم تاوانە بەبێ سزا تێپەڕێت، هیچ کەسێک پارێزراو نابێت و ئێمەش وەک تیمی پارێزەران تا دوا هەناسە بە شێوازی مەدەنی و یاسایی لەسەر ئەم کەیسە بەردەوام دەبین".

حه‌مه‌ڕه‌ش یه‌کێکه‌ له‌ پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌کانی رێبوار حامید حاجی غالی که‌ له‌ روداوه‌که‌ی لاله‌زار له‌ شاری سلێمانی له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ ده‌ستگیرکران، حه‌مه‌ڕه‌ش پێنجشه‌ممه‌ی رابردو (۱۵ی ۵ی ۲۰۲۶) له‌ دانیشتنی دادگاییکردنیدا له‌به‌رده‌م دادوه‌ر وتی، "له‌ پیاوه‌تی خراوه‌ و ئه‌شکه‌نجه‌ی زۆر دراوه‌".

دەقی پەیامەکەی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و هاوەڵانی

بۆ/ ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان

بۆ/سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

بۆ/سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم

بۆ/کونسوڵخانە و نوێنەی وڵاتان

بۆ/ دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە کوردستان

بۆ/سەندیکای پارێزەرانی کوردستان

بۆ/ وەزەراتی تەندروستی هەرێمی کوردستان

بۆ/داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان

بۆ/ سەرجەم رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ

بابەت/ پشتیوانی

ئێمە وەک تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و هاوەڵانی، بەفەرمی لەو دۆزەخە ئاگادارتان دەکەینەوە کە بۆ پێشمەرگەی لاهوور شێخ جەنگی حەمەڕەش دروستکراوە.

حەمەڕەش، نۆ مانگە لە پشت دیوارە تاریکەکانەوە دەستبەسەرە، بێدەنگ نابین لە ئاست ئەو دڕندەیی و ڕەفتارەی بەرامبەر بریکارەکەمان ئەنجام دراوە.

ئەوەی بەرامبەر بەم مرۆڤە کراوە، تەنها لێدان نییە لە تۆمەتبارێک، بەڵکو سڕینەوەی کەرامەت و شکۆی مرۆڤە لەژێر سایەی یاسادا.

حەمەڕەش لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بە توندی ئەشکەنجە دراوە، ددانی شکێندراوە، سەری شکێندراوە و تەقەڵە، پشتی بە چەقۆ لێیدراوە و تەقەڵە.

بە شێوازێکی نامرۆڤانە و لە لوتکەی دڕندەیدا، هێرش کراوەتە سەری و بە زمانی خۆی دەڵێ لە پیاوەتی خراوم؛ ئەمە تاوانێکە نەک هەر یاسا، بەڵکو عورف، ئاین و ویژدانی مرۆڤایەتیش لێی بەرییە و دەبێت تەواوی کۆمەڵگە ڕاچڵەکێ و ڕاپەڕێت.

ئەم پێشێلکارییە تۆقێنەرە، گەورەترین پرسیار دەخاتە سەر شەرعییەت و یاساییبوونی دامەزراوە دادوەرییەکانی کوردستان کە چۆن ناوی خۆیان دەنێن پارێزەری یاسا لە کاتێکدا لەژێر سایەی ئەواندا مرۆڤێک ڕووبەڕووی ئەم دۆزەخە دەبێتەوە.

ئەم کارەساتە تۆقێنەرە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وەک بەرزترین دەسەڵات، و ئەنجومەنی دادوەری وەک پارێزەری مافەکان، دەخاتە بەردەم داڕوخانی تەواوی شەرعییەتەوە، چۆن ڕێگە بە دانپێدانانی وادەدەن؟

حکوومەت وەک دەسەڵاتی جێبەجێکردن، وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەکانی ۷۰، ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش لە کوێن؟ چۆن قبوڵ دەکەن ئەندامانی ناو هێزەکانتان هاوڵاتی و پێشمەرگە ئەتک بکەن و بێدەنگ بن؟ بێدەنگیتان هاوبەشیکردنە لە تاوانەکە.

وەزارەتی تەندروستی لە کوێی ئەم مەرگەدایە کە بریندارێک بێ چاودێری پزیشکی جێدەهێڵێت؟

ئێمە وەک تیمی بەرگری، سەرجەم ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، نەتەوە یەکگرتووەکان و کونسوڵخانەکان دەخەینە ژێر بەرپرسیارێتییەکی مێژووییەوە؛ ئەگەر ئەشکەنجەیەک کە کەرامەت و جەستەی مرۆڤ بە تەواوی لەناو ببات و بیکاتە ئامانج نەتانجوڵێنێت؟کەواتە فەلسەفەی بوونی ئێوە چییە؟ پێویستە بەپەلە لیژنەیەکی نێودەوڵەتی و بێلایەنی پزیشکی و یاسایی بۆ پشکنینی باری تەندروستی حەمەڕەش پێکبهێنرێت.

هەروەها ناسنامەی ئەوکەسانە ئاشکرا بکرێ کە ئەشکەنجەیان داوە و بەتونترین شێواز سزابدرێن، ئەگەر ئەم تاوانە بەبێ سزا تێپەڕێت، هیچ کەسێک پارێزراو نابێت و ئێمەش وەک تیمی پارێزەران تا دوا هەناسە بە شێوازی مەدەنی و یاسایی لەسەر ئەم کەیسە بەردەوام دەبین.

هەر لەسەرەتایی دانیشتنەکەی دادگا لە ۱۴/۵/۲۰۲۶ پێمان وابوو دوای بیستنی ئەو ئەشکەنجانە بەگوێرەی یاسا دادگا راستەوخۆ حەمەڕەش رەوانەی لیژنەی تەندروستی دەکات، بەڵام بەداخەوە دادوەر وتەی لێوەرگرت، لە ئێستادا و لەبەە سەلامەتی گیانی بەپێویستی دەزانین حەمەڕەش لەزیندانی ئاسایشەوە بگوازرێتەوە بۆ گرتن و گواستنەوە لای پۆلیس.

دەستوری عێراق و یاسا چی لەبارەی ئەشکەنجەدانەوە دەڵێن؟

بەپێی دەستووری عێراق (ماددەی ۳۷)، یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی (ماددەی ۱۲۷)، و ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی (CAT)؛ هەر دانپێدانان یان شایەتیدانێک لەژێر ئەشکەنجە و فشاردا وەرگیرابێت، هیچ بەهایەکی یاسایی نییە و دادگا ناتوانێت پشتی پێ ببەستێت. 

بەپێی ماددەی ۳۳۳ی یاسای سزادانی عێراقی، ئەگەر ئەشکەنجەدانەکە ببێتە هۆی کەمئەندامبوونی هەمیشەیی یان لەدەستدانی کۆئەندامی نێرینە، دەبێت ئەو ئەفسەر یان لێکۆڵەرەی کە ئەشکەنجەکەی کردووە، بە توندترین سزای تاوانکاری سزا بدرێت.

News ID 227170

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha