بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەم بڕیارە کە لەلایەن نووسینگەی پارێزگاری ئورفاوە ڕاگەیەندراوە، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییە گەورەکانی ناوچەکە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە ڕۆژی سێشەممەوە، هاووڵاتییان دەتوانن بە پاسپۆرت لەم دەروازەیەوە هاتووچۆ بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ تەنیا بۆ مەبەستی سەربازی و بازرگانیی سنووردار بەکاردەهێنرا.
دەروازەی ئاکچاکالێ دەکەوێتە چەق و ناوەڕاستی سنووری تورکیا و سووریا، کە درێژییەکەی ٩٠٠ کیلۆمەترە. کردنەوەی ئەم دەروازەیە وەک نیشانەیەکی ڕوونی نزیکبوونەوەی تورکیایە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتی (ئەحمەد شەڕع)، کە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە کۆتایی ٢٠٢٤دا جڵەوی دەسەڵاتی گرتە دەست.
٢٠١٤: تورکیا دەروازەکەی بە تەواوی داخست، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دوای شکستپێهێنانی داعش.
٢٠١٩: دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچەکە، دەروازەکە تەنیا بۆ جووڵەی بازرگانی و حکوومی بە شێوەیەکی سنووردار کرایەوە.
ئێستا: بە بڕیارە نوێیەکە، ئاکچاکالێ دەبێتە شەشەمین دەروازە لە کۆی ١٢ دەروازەی سنووری نێوان هەردوو وڵات کە بە فەرمی چالاک دەکرێتەوە.
Your Comment