بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زیاتر لە ساڵێک بەسەر دەسپێکردنی خولێکی نوێی گفتوگۆکانی حکوومەتەکەی ئەردۆغان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ململانێی چەند دەیەیی لەگەڵ کورد تێپەڕ دەبێت، بەڵام بە بڕوای شارەزایان، ئەم پرۆسەیە هێشتا فاقیدی دەستکەوتی بەرجەستەیە لە بواری مافە سیاسییەکانی کورددا، لە بەرامبەریشدا ئەوە هێزە کوردییەکان بوون کە هەنگاوی کردەیی تریان ناوە.
لەو چوارچێوەیەدا، "ئەلیزا مارکۆس" توێژەری پرسەکانی کورد، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتەر) ڕایگەیاند کە پارتی کرێکارانی کوردستان بە کردەیی خەباتی چەکداری خۆی ڕاگرتووە و بەڵێنی چەکداماڵینی داوە، بەڵام جێبەجێکردنی تەواوی ئەم بەڵێنەی مەرجدار کردووە بە هەنگاوی بەرامبەر لە لایەن ئەنقەرەوە.
مارکۆس بە ئاماژەدان بە دۆخی ئێستای ئەم گروپە، بە هاوشێوەی سەردەمی دوای دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی ۱۹۹۹ وەسفی کرد؛ سەردەمێک کە پەکەکە تووشی جۆرێک لە بێسەروبەری ناوخۆیی و ناڕوونی ستراتیژی بوبووەوە. بە وتەی ئەو، ڕاگرتنی شەڕی گەریلایی ئەگەرچی بڕیارێکی لۆژیکییە لە بارودۆخی ئێستادا، بەڵام لە هەمان کاتدا بووەتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی ناسنامە لەم ڕێکخراوەدا، چونکە بەشێکی گرنگی یەکگرتوویی ناوخۆیی پەکەکە لەسەر تەوەرەی خەباتی چەکداری دروست ببوو.
ئەم شارەزایە هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە گەڕانەوەی پەکەکە بۆ شەڕ دژی تورکیا لە بارودۆخی ئێستادا بەدوور دەبینرێت. بە وتەی ئەو، گۆڕانی سروشتی شەڕەکان، بەکارهێنانی فراوانی تەکنەلۆژیا نوێیە سەربازییەکان لەوانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، و گوشارە ناوچەییەکان، توانای ئۆپەراسیۆنی ئەم گروپەی بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار کردووە. لە ساڵانی ڕابردووشدا بەشێکی زۆری پێکدادانەکان بۆ ناوچە سنوورییەکان و بەتایبەت هەرێمی کوردستانی عێراق سنووردار بوونەتەوە و پەکەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە پێگەی بەرگریدا بووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، مارکۆس جەختی لەوە کردەوە کە تەنانەت لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی سەربازیشدا، پەکەکە وەک هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەر بەردەوام دەبێت. بە وتەی ئەو، ئەم گروپە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا تۆڕێکی فراوان لە دامەزراوە سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی دروست کردووە کە ڕۆڵێکی گرنگ لە داڕشتنی کۆمەڵگەی کوردیدا دەگێڕن.
لە بەشێکی تری ئەم چاوپێکەوتنەدا، پەرەسەندنەکانی سووریا و دۆخی کورد لەو وڵاتەدا خرایە بەر باس. مارکۆس بە ئاماژەدان بە ڕێککەوتنی هێزە نزیکەکان لە پەکەکە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، ڕایگەیاند کە ئەگەرچی هێشتا زووە بۆ هەڵسەنگاندنی کۆتایی ئەم پرۆسەیە، بەڵام کوردی سووریا ئێستا بۆ یەکەمجار وەک بەشێک لە پێکهاتەی سیاسی ئەو وڵاتە دانیان پێدا نراوە. بە وتەی ئەو، سەرەڕای بەدی نەهاتنی تەواوی داواکارییەکانی پەیوەست بە خۆبەڕێوەبەری، بوونی کەسایەتییە نزیکەکان لەم ڕەوتە لەناو پێکهاتەی حکومەتیدا دەکرێت وەک نیشانەیەک بۆ دەستکەوتی تاکتیکی هەژمار بکرێت.
ناوبراو هەروەها ئەگەری زیادبوونی سەربەخۆیی لقە ناوچەییەکانی پەکەکە، بەتایبەت لە سووریا، هێنایە ئاراوە و وتی بارودۆخە نوێیەکە ڕەنگە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی پلەبەندی و مەرکەزییەت لەم ڕێکخراوەدا.
لە هەمان کاتدا، یەکێک لە گرنگترین پەرەسەندنە ئەخیرەکان، باسی پێدانی «پێگەی فەرمی»یە بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە لایەن "دەوڵەت باخچەلی" ڕێبەری ڕەوتی نەتەوەپەرستی تورکیا؛ پێشنیارێک کە لە لایەن چاودێرانەوە وەک گۆڕانکارییەکی بێوێنە لە ڕێبازی سیاسی ئەنقەرەدا لەقەڵەم دەدرێت. بە وتەی مارکۆس، لە ئەگەری جێبەجێبوونی پلانێکی وەهادا، پێگەی ئۆجەلان دەکرێت لە زیندانییەکی سیاسییەوە بۆ ئەکتەرێکی فەرمی لە پرۆسەی ئاشتیدا بەرز بێتەوە.
بە گشتی، ئەم شرۆڤەکارە پێی وایە کە ئەگەرچی پرۆسەی دانوستانەکان بە سستی و ناڕوونی بەڕێوە دەچێت، بەڵام ڕاگرتنی پێکدادانە چەکدارییەکان دەبێت وەک دەستکەوتێکی گرنگ سەیر بکرێت. بە وتەی ئەو، لە بارودۆخی ئێستادا، ئەگەری گەڕانەوە بۆ شەڕی سەرتاسەری کەم بووەتەوە و پەکەکە زیاتر لە ڕابردوو پشت بە ئامرازە سیاسییەکان دەبەستێت بۆ شوێنکەوتنی داواکارییەکانی.
Your Comment