باخچەلی پێشنیازی پێگەی فەرمی بۆ ئۆجەلان دەکات و دەم پارتیش پێشوازیی لێدەکات

لە وەرچەرخانێکی سیاسیی نوێدا لە تورکیا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە)، پێشنیازێکی کەم وێنە دەخاتە ڕوو و داوا دەکات پێگەیەکی فەرمی بە عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بدرێت لە چوارچێوەی پڕۆسەی سیاسیدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەم دەستپێشخەرییەدا دەوڵەت باخچەلی کە یەکێکە لە سەرکردە ناسیۆنالیستە توندەکانی تورکیا، ئەمڕۆ سێشەممە لە وتارێکدا بۆ پەرلەمانتارانی پارتەکەی پێشنیازی کردووە ئۆجەلان وەک "ڕێکخەری پڕۆسەی ئاشتی و بەسیاسیکردن" بناسێنرێت، ئەم هەنگاوەش لەلایەن هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بە هەڵوێستێکی "مێژوویی" وەسف کرا.

باخچەلی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئەگەر مەسەلەی ستاتۆ بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئارادا بێت، دەبێت بە شێوەیەک چارەسەر بکرێت کە خزمەت بە پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بکات. من پێشنیاز دەکەم ناوی بنرێت ڕێکخەری پڕۆسەی ئاشتی و بەسیاسیکردن." هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە دەکرێت پێشنیازی جێگرەوەش تاوتوێ بکرێت، بەو مەرجەی سەرکردایەتی دامەزرێنەری پەکەکە لەژێر ئەو پێناسانەدا خزمەت بە پڕۆسەکە بکات.

سەرۆکی مەهەپە پێیوایە ڕوونکردنەوەی دۆخی ئۆجەلان کلیلی سەرکەوتنی پڕۆسەکەیە و وتی: "ناتوانرێت پڕۆسەکە بە شێوەیەکی تەندروست بەڕێوەبچێت بە وا پیشاندانی ئەوەی کە ئەم بابەتە بوونی نییە؛ هەنگاوەکانی داهاتووش ڕێکخستنی سیاسی و یاسایی دەبن".

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، کە پێشتر چەندین جار داوای گۆڕانکاری لە پێگەی ئۆجەلاندا کردبوو و پێشنیازی ناساندنی وەک "سەرۆکی دانوستانکار"یان دابوو، پێشوازییان لەم هەنگاوە کرد.

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، پێشنیازەکەی باخچەلی بە "مێژوویی" ناوزەد کرد و پشتگیری خۆی بۆ دەربڕی. باکرهان ڕوونیکردەوە کە بێبەشکردنی وتوێژکار لە دەرفەتی کارکردن و پەیوەندیکردن لە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزی ئاوادا، بە هیچ پاساوێکی سیاسی ڕوون ناکرێتەوە.

News ID 227100

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha