تا ئێستا چوار لیوای SDF بە فەرمی تێکەڵی وەزارەتی بەرگریی سووریا کراون

یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا بۆ کاروباری ناوچەی رۆژهەڵات، رایگەیاند؛ پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات "SDF" لە ناو وەزارەتی بەرگریی دەستیپێکردووە و تا ئێستا چوار لیوا بە فەرمی تێکەڵ کراون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سیپان حەمۆ لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم چوار لیوایە لە ناوچەکانی کۆبانێ، حەسەکە، قامیشلۆ و دێریک جێگیر کراون و کار بۆ ئەوە دەکرێت پاشماوەی هێزەکانی دیکە هەسەدەش لە ناو سوپای سووریادا جێگەیان بکرێتەوە. جەختیشی کردەوە، ئامانجی وەزارەت گەیشتنە بە سوپایەکی یەکگرتوو کە لەسەر بنەمای پەیڕەوێکی ناوخۆی نوێ کار بکات و کۆتایی بە دیاردەی گرووپایەتی بهێنێت.

سەبارەت بە دۆخی عەفرین و دەنگۆی پێکهێنانی "لیوای کوردی"، حەمۆ روونی کردەوە، دەسپێشخەرییەک هەیە بۆ ئەو چەکدارانەی خەڵکی عەفرینن و پێشتر لە ریزەکانی هەسەدە بوون، بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لە ناوچەکانی خۆیاندا تێکەڵی دامەزراوە سەربازییەکان ببن یان بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی.

لە تەوەرێکی دیکەدا قسەکانیدا، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی نیگەرانی خۆی لە دواکەوتنی ئازادکردنی زیندانیانی هەسەدە لەلایەن حکوومەتەوە دەربڕی و گوتی: "پێویستە هەموو زیندانیان بەبێ جیاوازی ئازاد بکرێن و نابێت ئەم پرسە بۆ مەرامی سیاسی بەکاربهێنرێت." سەبارەت بە دۆسیەی کوژراوان و بریندارانی شەڕی دژ بە داعش، ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتن کراوە وەک "شەهید و برینداری دەوڵەتی سووریا" بناسرێن و هەموو ماف و بەڵگەنامە فەرمییەکانیان بۆ دابین بکرێت.

دەربارەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، حەمۆ ئاشکرای کرد، ئەو شوێنانەی هێزە نێودەوڵەتییەکان لێیان کشاونەتەوە، رادەستی سوپای سووریا دەکرێن و بۆ بەرژەوەندی سەربازی وڵات بەکاردەهێنرێنەوە. هەروەها وتی: "سیاسەتی ئێستای وڵات دوورکەوتنەوەیە لە ململانێ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و پاراستنی سەقامگیری سنوورەکانە."

سێبان حەمۆ داوای لە پێکهاتەکانی کورد و عەرەب کرد، یەکگرتوو بن بۆ بونیادنانی سووریایەکی نوێ، تێیدا مافی هەموو پێکهاتەکان، بەتایبەت کورد، لە دەستووردا جێگیر بکرێت و رێگری لە هەر جۆرە تاکڕەوییەک و ستەمێکی نوێ بگیرێت.

News ID 227082

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha