بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ، لە گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمان، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای "هەوڵە تێکدەرانەکان"، ۱۸ مانگ بەسەر دەستپێکی پرۆسەکەدا تێپەڕیوە و زۆربەی ئاستەنگەکان تێپەڕێندراون.
سەرۆک کۆماری تورکیا وتیشی: "بە پەسندکردنی راپۆرتی کۆمیسیۆنی ئاشتی، گەیشتووینەتە قۆناخێک کە پێویستی بە مامەڵەیەکی هەستیارتر هەیە".
سەرۆک کۆماری تورکیا، دەنگۆی وەستانی پرۆسەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، "ئێمە گرنگی بەو دەنگە بەتاڵانە نادەین. ئەوانەی سیناریۆی رەشبینانە لەسەر پرۆسەکە دەنووسن، مامەڵە لەگەڵ گومان دەکەن، نەک راستییەکان".
ئەردۆغان، جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەکە وەک پێویست بەڕێوەدەچێت و گوتی، "ئێمە بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی چەک و زیاتر بەهێزکردنی توانای دیموکراسی و سیاسەتی مەدەنی، دەستمان بەم رێگایە کرد".
سەرۆک کۆماری تورکیا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد وریای لێدوان و کردەوەکانیان بن بۆ ئەوەی زیان بە پرۆسەکە نەگەیەنن و گوتی: "هەر کەسێک بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات، ناوی لە مێژوودا تۆمار دەکرێت و هەر هەوڵێکیش ئاستەنگ بخاتە بەردەم پرۆسەکە، لە بەردەم مێژوودا لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت".
پرۆسەی چارەسەری رۆژی ۱ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۴ بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکرد. دواتر لە ۲۷ی شوباتی ۲۰۲۵، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە. رۆژی ۱۲ی ئایاری ۲۰۲۵، پەکەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
Your Comment