بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حەسەن محەمەد عەلی بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی مەسەدە بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاندووە: ئەحمەد شەرع لە کۆبوونەوە لەگەڵ مەزڵووم عەبدیدا داوای هاوکاری لە ئەحمەد شەرع کردووە و ڕایگەیاندووە دیمەشق هەنگاوی بۆ ئەوە ناوە کە هەسەدە وەکوو پاسەوانی سنوور بێت، بەڵام هەسەدە و دەوڵەت دەیانەوێ بگەنە چارەسەرێکی هاوبەش.
تایبەتمەندیی کوردیی لە ناوچەکان دەمێنێتەوە
حەسەن محەممەد باسی لە دامەزراوەی ئاسایش و تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکان لە رۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی: "تایبەتمەندیی کوردی لە ناوچەکە دەمێنێتەوە".
بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی مەسەدە ئاماژەی بە پارێزگای حەسەکە کرد، کە جگە لە کورد، پێکهاتەی جیاوازی وەک عەرەب و سریانی تێدا دەژین و گوتی: "تایبەتمەندیی کوردی لە حەسەکە دەمێنێتەوە. زمان و خوێندنی کوردی بەردەوام دەبێت. لە کۆبوونەوەی دوایین جار لە دیمەشق ئەم بابەتە باسی لێوە کرا. هەروەها دانپێدانان بە بڕوانامەکان و خوێندنی باڵا بە زمانی کوردی گفتوگۆی لەسەر کرا".
حەسەن محەممەد دەڵێت، ئەوان دەیانەوێت خوێندن بە زمانی کوردی لە قۆناخی سەرەتاییەوە تاوەکو زانکۆ هەبێت و ئەوەشیان وەک پڕۆگرامێکی هاوبەش پێشکێشی دیمەشق کردووە.
داواکارییە سیاسییەکانی کورد چین؟
بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی مەسەدە لەبارەی داواکارییە سیاسییەکانی کورد لە دیمەشق گوتی، ئەوان دەیانەوێت لە دەوڵەتی نوێدا ببنە هاوبەش و چوار خاڵی خستەڕوو کە ئەمانەن:
- کورد لەم قۆناخە نوێیەدا دەیەوێت ببێتە هاوبەشی دەوڵەت.
- لە هەموو وەزارەتەکانی حکومەتدا کورد بەشداربن.
- دەبێت ناوچە کوردییەکان تایبەتمەندیی خۆیان هەبێت.
- کورد سیستمێکی ناناوەندی دەوێ نەوەکو ناوەندی.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەسەدە دەڵێت، ئەوان دەیانەوێ ئاسایش و هێزە سەربازییەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لەژێر فەرمانی خۆبەڕێوەبەریی ناوچەکەدا بن.
حەسەن محەممەد عەلی لەبارەی دەستووری نوێی سووریا رایگەیاند: "دەبێت کورد لە لیژنەی دەستووردا جێگەی هەبێت بۆ ئەوەی مافەکانیان لە دەستووری بنەڕەتیی سووریادا گەرەنتی بکرێت".
مەزڵووم عەبدی و ئەنەکەسە کۆدەبنەوە
ئەو بەرپرسەی مەسەدە ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان دەیانەوێ هەموو لایەنە کوردستانییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە حکوومەتی نوێی سووریا بەشداربن و وتی: "پێویستە لەگەڵ هەموو لایەنە کوردییەکاندا گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی لە حکومەتی نوێدا بەشدار بن. لیستێک بۆ هەموو وەزارەتەکان ئامادە دەکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش مەزڵووم عەبدی لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتە کوردییەکانی دیکە کۆدەبێتەوە".
حەسەن محەممەد عەلی دەڵێت، ئامانجی ئەوان دروستکردنی "مەرجەعیەتێکی کوردی"یە بۆ ئەوەی بە یەک دەنگییەوە بچنە دیمەشقی پایتەخت لە سووریا.
لەبارەی ئەوەی ئایا پۆستی جێگری سەرۆککۆماری سووریا بۆ مەزڵووم عەبدی پێشنیاز کراوە؟ حەسەن محەممەد عەلی گوتی: "بەڕێز ئەحمەد شەرع بە بەڕێز مەزڵووم عەبدی گوت، کەی دێنە ئێرە وەکو سەرۆکایەتی کار بکەین، پێشتریش ئەو گفتوگۆیەیان کردووە کە پێکەوە کار بکەن".
لەبارەی وەڵامی عەبدییەوە بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی مەسەدە گوتی: "بەڕێز مەزڵووم گوتوویەتی ئێستا کاری ئێمە لە رۆژئاوا زۆرە، پێویستە یەکڕیزی نێوخۆی کورد و یەکێتی کورد دروستبکەین".
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی مەسەدە، هەسەدە و کورد ئێستا گرنگی بە رێکخستنی نێو ماڵی کورد دەدەن و دوای ئەوە بڕیاری کۆتایی لەسەر پۆستەکانی دیمەشق دەدەن.
Your Comment