بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە درێژەی بەشداری و چالاکییە دیپلۆماسییەکانیدا لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دیدارێکیان ئانجام دا.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا گفتوگۆیەکی چڕوپڕ و هەمەلایەنە سەبارەت بە میتۆدەکانی بەهێزکردنی هاریکارییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو، بە ئامانجی مسۆگەرکردنی گەشەپێدانی ئابووری و چەسپاندنی پایەکانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
هەردوولا بە وردی بیروڕایان سەبارەت بە دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە گۆڕییەوە و جەختیان لەسەر پابەندیی هاوبەشیان بۆ پێشخستنی گەشەپێدان و پاراستنى سەقامگیری، لە ناوچەکەدا کردەوە.
تەوەرێکی سەرەکیی دیدارەکە تەرخان کرا بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا. نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان دووپاتیان کردەوە، کە لە سایەی ئاڵۆزییەکانی ئێستا، "دیالۆگ" و پەنابردن بۆ مێزی گفتوگۆ کاریگەرترین و باشترین رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش کە رەهەندی ناوچەیی و نێودەوڵەتییان هەبوو، لەلایەن هەردوولاوە تاوتوێ کران، بە مەبەستی هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان هەولێر و ئەنقەرە لە داهاتوودا.
Your Comment