بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیبراهیم زولفەقاری، ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا كە میدیا فەرمییەكانی ئێران بڵاویانكردەوەتەوە، دەڵێت: "هێزە چەکدارەکانی ئێران بەرگری لە مافە یاساییەکانی وڵاتەکەمان بە ئەرکێکی سروشتی و یاسایی دەزانن و لەسەر ئەم بنەمایەش پیادەکردنی سەروەریی ئێران لە ئاوە هەرێمییەکانی وڵاتەکەماندا مافێکی سروشتیی گەلی ئێرانە".
ئاماژەی بەوەشكرد، دابینکردنی ئاسایش لە ئاوە هەرێمییەکانی ئێران لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە بە بەردەوام دەبێت و وەک چۆن چەندین جار ڕاگەیەندراوە، ئەو کەشتییانەی سەر بە دوژمنن مافی تێپەڕبوونیان نیە بە گەرووی هورموزدا، و كەشتیەكانی دیکە بە ڕەچاوکردنی ڕێساکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران وەک پێشوو ڕێگەی تێپەڕبوونیان لە تەنگەکە دەبێت.
زولفەقاری باسی لەوەشكرد، بەهۆی بەردەوامیی هەڕەشەکانی دوژمن دژی گەلی ئێران و ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەمان، دوای کۆتایی هاتنی جەنگیش ئێران، میکانیزمێکی هەمیشەیی بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورموز جێبەجێ دەکات و سەپاندنی سنووردارکردنی ئەمریکا بەسەر هاتوچۆی دەریایی كەشتیەكان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، کارێکی نایاسایی و نمونەی چەتەی دەریاییە.
ئیبراهیم زولفەقاری لە پەیامەكەیدا دەشڵێت: "هێزە چەکدارەکانی ئێران بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنن کە ئاسایشی بەندەرەکان لە کەنداوی فارس و دەریای عومان یان بۆ هەموانە یان بۆ هیچ کەس".
ناوبراو دەشڵێت: "ئەگەر ئاسایشی بەندەرەکانی ئێران لە ئاوەکانی کەنداوی فارس و دەریای عومان هەڕەشەی لێ بکرێت، هیچ بەندەرێک لە کەنداوی فارس و دەریای عوماندا پارێزراو نابێت".
Your Comment