بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان نووسی، "سوپاسی بێپایانی خۆم ئاراستەی سەرکردایەتیی هەردوو وڵات دەکەم و بانگهێشتی شاندەکانیان دەکەم بۆ ئیسلامئاباد لە رۆژی هەینی، ۱۰ی نیسانی ۲۰۲۶، تاوەکوو گفتوگۆی زیاتر بکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان".
پاکستان کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دروست کردووە و بە هەستیارییەوە چاودێریی پێشهاتەکانی ئێرانی دراوسێی دەکات، لە چەند هەفتەی رابردوودا وەک کەناڵێک بۆ گواستنەوەی پەیامەکانی نێوان تاران و واشنتن دەرکەوتووە. سەرۆکوەزیرانی پاکستان گوتیشی، "بە دڵ و گیان هیوادارین گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد لە بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوامدا سەرکەوتوو بن و خوازیارین لە رۆژانی داهاتوودا هەواڵی خۆشتر ببیستین".
تاران و واشنتن ئەم بەیانییە رایانگەیاند، لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێککەوتوون، ئەوەش تەنیا کەمتر لە کاژێرێک پێش کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی دۆناڵد ترەمپ بۆ وێرانکردنی ئێران داینابوو. جەنگەکە کاتێک دەستیپێکرد کە ئیسرائیل و ئەمریکا لە ۲۸ی شوباتدا هێرشیان کردە سەر ئێران و رێبەری باڵای ئەو وڵاتەیان کوشت، ئەوەش بووە هۆی هێرشی تۆڵەسێنەرەوەی تاران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و ئیسرائیل.
شەهباز شەریف ئاماژەی بەوە کرد کە ئاگربەستەکە "هەموو شوێنێک" دەگرێتەوە، لەوانەش لوبنان، بەڵام ئیسرائیل دواتر رایگەیاند کە ئاگربەست لوبنان ناگرێتەوە، کە تێیدا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و وشکانی بۆسەر حیزبوڵڵای نزیک لە ئێران ئەنجام دەدات.
Your Comment