بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیسماعیل بەقایی، ڕایگەیاند، تاكوو ئێستا هیچ دانوستانێکی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئەمریکا نەبووە. ئەوەی باس کراوە، چەند پەیامێک بوون کە لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێمان گەیشتون و تێیدا ئەمریکا خواستی خۆی بۆ دانوستان دەربڕیوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد، نازانم لە ناو ئەمریکادا چەند کەس بانگەشەی دیپلۆماسیی ئەمریکا بە هەند وەردەگرن! ئەرکی ئێمە بە پێچەوانەی لایەنی بەرامبەر کە بەردەوام هەڵوێستی دەگۆڕێت، ڕون و دیارە. ئێران لە سەرەتاوە هەڵوێستی ڕون بوە و ئێمە بە باشی دەزانین ئەو چوارچێوەیەی مەبەستمانە چییە. ئەو پێشنیازانەی بۆ ئێمە نێردراون، داواکاریی زێدەڕۆیانە و نالۆژیکی بوون.
بەقایی باسی لەوەشكرد، ئەو کۆبونەوانەی پاکستان ئەنجامیاندەدات، چوارچێوەیەکن کە خۆیان دایانمەزراندوە و ئێمە تێیدا بەشدارنەبوین. ئەوەی کە وڵاتانی ناوچەکە خەمی کۆتاییهاتنی جەنگیان بێت کارێکی باشە، بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوە بن کام لایەن جەنگەکەی دەستپێکرد.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت، ئەو هەنگاوانەی ئەمریکا و ڕژێم (ئیسرائیل) دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکان ئەنجامیان داوە تاوانە. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئاژانس، ئەم کارانە تاوانکارانەن و جێگەی داخی زیاترە کە ئاژانس و "گرۆسی" بێدەنگ و بێباکن.
ناوبراو ئەوەشیخستەڕوو، بەداخەوە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس لەم دو ساڵەدا کارنامەیەکی شایستەی بەرگریی لە خۆی بەجێنەهێشتوە، هەم بەهۆی سەرکۆنە نەکردنی تاوانەکان و هەم بەهۆی بێلایەن نەبونی.
بەقایی ئاماژەی بەوەشكرد، لە بارودۆخێکی وەهادا یەکەم کار کە دەبێت ئاژانس ئەنجامی بدات، سەرکۆنەکردنی دەستدرێژییەکانە، بەڵام شایەتحاڵی شتێکی وەها نەبوین. ئێمە دەبێت کاری خۆمان بکەین، ڕاوێژەکانمان ئەنجامداوە، بەڵام داواکارییەکەی ئێمە وەک خۆی باقییە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاكوو ئێستا دانوستانی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەمریكا نەبووە و ئەوەی هەبووە تەنها ئاڵوگۆڕی پەیام بووە.
News ID 226971
Your Comment