‌هەڵەبجە؛ ئەو برینەی بە فرمێسک ناسڕێتەوە/ دیاکۆ هاشمی

١٦ی مارس، تەنیا لاپەڕەیەکی ڕەشی مێژوو نییە، بەڵکوو برینێکی کراوەی سەر جەستەی نیشتمانە کە بە تێپەڕبوونی ساڵەکان، نەک هەر ساڕێژ نابێت، بەڵکوو قووڵتر دەبێتەوە. 

ئەو ڕۆژەی کە ئاسمان لە جیاتیی باران، ژەهری بەسەر کۆڵانەکانی هەڵەبجەدا باراند و هەزاران ڕۆحی بێتاوانی لە یەک ساتدا کردە قوربانیی دڕندەییی فاشیزم.
هەڵەبجە، ئەو شارە بوو کە دەیانویست بەبێدەنگی بمرێت، بەڵام هاواری خنکاوی منداڵەکانی بوو بە زەنگێکی هەژێنەر بۆ ویژدانی نووستووی جیهان. بۆنی سێو، کە هێمای ژیان بوو، بۆ هەتاهەتایە لە بیرەوەریی ئێمەدا بوو بە بۆنی مەرگ و ماڵاوایی.
بەڵام ئەمڕۆ، لە ساڵیادی ئەو کارەساتەدا، ئێمە تەنیا بۆ گریان و لاوانەوە یادی ناکەینەوە. هەڵەبجە فێری کردین کە تەنانەت لەناو گەورەترین وێرانەشدا، تۆوی ژیان سەوز دەبێتەوە. ئەو شارەی کە بڕیار بوو ببێتە گۆڕستانێکی گەورە، ئەمڕۆ بە هێزی خەڵکەکەی و بە ئیرادەی مانەوە، دیسانەوە بووەتەوە بە مەڵبەندی ژیان، شیعر و داهێنان.
ئەرکی ئێمە وەک نەتەوەیەک ئەوەیە یادەوەریی هەڵەبجە بۆ هەمیشە بەزیندوویی بهێڵینەوە.
هەروەها پێویستە بەهێزتر بین بۆ ئەوەی هەرگیز جارێکی تر مێژوو خۆی لەسەر جەستەمان دووبارە نەکاتەوە.
دەبێت کار بکەین بۆ ئەوەی ئازارەکانی هەڵەبجە ببنە وانەیەک بۆ نەوەکانی داهاتوو، کە نرخ و بەهای ئازادی چەندە قورسە.
لە کۆتاییدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین. ڕۆحیان شاد و یادیان بۆ هەمیشە لە دڵماندا زیندووە.

News ID 226951

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha