وەزیری ناوخۆی سووریا هەوڵ دەدات خۆی لەو بەرپرسیارێتیە بدزێتەوە کە لە کەمپی هۆل ڕوویداوە

هەسەدە ڕاگەیاندراوێکی لە بارەی هۆکاری کشانەوەیان لە کەمپی هۆل و وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ لێدوانەکانی نووردەین بابا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا بڵاوکردەوە و دەڵیت "وەزیری ناوخۆی سووریا لە ڕیگای ئەو لێدوانانەوە هەوڵ دەدات خۆی لەو بەرپرسیارێتیە بدزێتەوە کە لە کەمپەکە ڕوویداوە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، ڕایگەیاند: "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا چوونەتە ناو کەمپەکەوە و دەستیان کردووە بە دەربازکردنی خێزانەکانی داعش بە بەرچاوی ئەو هێزانەوە، ئەو پڕۆسەیە زیاتر لە هەفتەیەک بەردەوام بووە،  وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی حکوومەتی دیمەشق بەرپرسیارێتیی ئەو دۆخە هەڵدەگرن کە ئەو کات کۆنترۆڵی کەمپەکەیان کردووە، ئەو رووداوانە بە دەنگ و رەنگ هەڵگیراون و ناکرێت لە رێگەی راگەیێندراوی رۆژنامەوانیی چەواشەکارانەوە بشاردرێنەوە".

هەسەدە دەشڵێت: "وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی دیمەشق خۆی لەو بەرپرسیارێتیە دەدزێتەوە کە لە کەمپی هۆڵ روویدا و ئەو شکستە روونەی لە بەڕێوەبردنی دۆسیەكەدا بوو، دوای دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی وەزارەتی بەرگرییەوە" هەسەدە وادەڵێت.

هەسەدە لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەشی وتووە: "هێزەکانیان و ئیدارەی کەمپەکە ساڵانێک ئەرکە مرۆیی و ئەخلاقی و ئەمنییەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە، سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی ئەم بابەتە و نەبوونی پشتیوانییەکی پێویست و ئاستەنگە ئەمنییە بەردەوامەكان".

هەروەها بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی هەسەدە ئامانج لە بڵاوکردنەوەی "ئەو لێدوانە نابەرپرسانەی کە لەلایەن وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ راگەیەندراوە، بەشێكە لەو هەوڵە سیاسیانە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و لادانی سەرنج لەو کەموکوڕییە ئەمنی و ئیدارییانەی کە هاوكاتی قۆناغی کۆنترۆڵکردنی کەمپەکە بوون لەلایەن ئەو گرووپانەوە".

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت دووپاتی دەکەینەوە کە "کشانەوەی هێزەکانمان دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی هێرشی سەربازی و لەشكركێشی بوو کە كەمپەكە و دەوروبەری لەلایەن دیمەشقەوە کردە ئامانج، چۆڵکردن و بەقاچاغبردنی خێزانەکانی داعش دوای هاتنە ناوەوەی ئەو گرووپانەی دیمەشق بوو كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ تێوەگلان لەو پرۆسەیە، بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو هێزەکانمان پابەندترین لایەن بوون لە بەڕێوەبردنی ئەم پرسە ئاڵۆزە بە بەرزترین پێوەرە مرۆیی و ئەمنییەكان".

News ID 226909

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha