بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تولای حاتەم ئۆغۆلاری پهیوهست بە ڕاپۆرتی كۆمسیۆنی پهرلهمانی توركیا لهبارهی "بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ی عهبدوڵا ئۆجهلان به ئاژانسی هەواڵیی فورات-ی راگهیاند: لە ڕاپۆرتەکەدا پێشنیاری بەرچاو بۆ چارەسەری پرسی کورد نییە و "زیاتر بەرهەمی زیهنیەتی دەوڵەتی کۆنە"، دووپاتیکردەوە کە ڕای گشتی تورکیا چاوەڕوانییەکی گەورەی لە ڕاپۆرتەکە هەبوو، بەڵام ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە هیواکانی شکاند".
ئاماژهی بهوهشكرد، ڕاپۆرتەکە پرسی کوردی بەڕوونی پێناسە نەکردوە و هەنگاوی بەرچاوی بۆ چارەسەر نەناوە، "دەیانەوێت پرسەکە بە یەکجاری چارەسەر ببێت، دەبوو لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە هەبوونی پرسی کورد لە تورکیا بکرایە و ئەم پرسە ناوبنرایە، دەسەڵات و هاوکارەکانی لەبری ناونانی ئەم پرسە، بە زیهنیەتی کلاسیکی دەوڵەتپارێزەوە، ئەم پرسەی لە چوارچێوەی تیرۆردا لەقاڵبدا، ڕەخنە و نیگەرانیی جددیمان لەم ڕوەوە هەیە".

هاوسهرۆكی دهم پارتی وتیشی: "پرسی کورد، پرسی تیرۆر نییە، پرسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوری و زمان و ئابورییە، پێویستە لە هەمو ڕویەکەوە چارەسەربکرێت".
تولای حاتەم ئۆغۆلاری لهبارهی پرسی 'مافی هیوا' ڕوونیكردهوه: "لە ڕاپۆرتەکەدا باسی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کراوە، ئێمە دەزانین کە مافی هیوا لە چوارچێوەی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپادایە و دەبێت لەم ڕوەوە هەمواری تایبەت هەبێت، بۆچی ئەمە گرنگە؟ بەڕێز ئۆجالان ئەکتەرێکی گرنگی ئەم پرۆسەیە و دانوستانکاری ڕاستەوخۆیە، بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەکی تەندروست بەڕێوەبچێت، دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان بتوانێت لە هەلومەرجی ئازاددا کار بکات".
تولای حاتەم ئۆغوللاری وتیشی: "زمانی دایک لایەنێکی بنچینەیی پرسی کوردە و لەو باوەڕداین لە نێو کورددا پرسی زمانی دایک بە تایبەتی پرسێکی بنچینەییە، هەربۆیە دەکرا لەم ڕاپۆرتەدا لەسەر پرسی زمانی دایک بەڕونی هەڵوەستە بکرایە، ئێمە پێداگریمان لەسەر ئەوەکرد نە قسەکردن لەسەر پرسی کورد و نە زمانی دایک وڵات دابەش ناکات".
ههروهها دهڵێت، پێویست بو ئەو ڕاپۆرتە بە شێوەیەک بنوسرێت کە لە پارانۆیای دەرونیی دابەشبون ڕزگاری بکات، بەڵام "بەداخەوە هێشتا بە هۆشیاری پارانۆیای دابەشبون نوسراوە، ڕەخنەمان لە بەشێکی زۆر لە زمان و چەمکە بەکارهێنراوەکان هەیە".
کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکێتیی نەتەوەیی له ۵ی (ئاب/۸)ی ۲۰۲۵ دامەزراوه و ۱۹ی ئهم مانگه ڕاپۆرتێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە، كه تیایدا هێزهكانی باكوری كوردستان كه زیاتر له چوار دهیهیه خهباتی چهكداری دژی توركیا دهكهن، به "تیرۆر" ناودهبات.
هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) وهڵامی راپۆرتهكهی كۆمیسیۆنی پهرلهمانی توركیای دایهوه و رایگهیاند، هێشتا نکۆڵی لە پرسی کورد دهكرێت، ئەوەش بەمانای قبوڵکردنی کورد و چارەسەرنەکردنی پرسەکانی دێت، دهشڵێت، "له راپۆرتهكهدا تهڤگهرهكهمان به تیرۆر پێناسه كراوه كه ئهوهش جێگهی قبووڵكردن نیه".
Your Comment