بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد: "بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، پیرۆزبایی لە ئاخێوەرانی تەواوی زمانەکانی جیهان بە گشتیی و زمانە دێرین و ڕەسەنەکان لە کوردستان بە تایبەت دەکەین".
ناوبراو ئەوەشیخستەڕوو: "٢١ ی شوبات، ڕۆژی ئاوڕدانەوە و بایەخدانی هەمەلایەنەیە بە فەرهەنگ، مێژوو، پاراستنی کولتوور و ڕەسەنایەتی زمانی دایک، لەم یادەدا خوازیارین هیچ زمانێکی دایکی، نەبێتە قوربانی فەرامۆشکردن و لەناوچوون. منداڵانی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتە و دیالێکتەکان مافی ڕەوای خۆیانە بە زمانی دایک، پەروەردە و گۆش بکرێن.
وەزیری رۆشنبیری باسی لەوەشکرد: "هەورامی (گۆران)، یەکێکە لەو زمانە دێرینانەی لە مێژودا، زمانی باڵای ئەدەب و نووسین بووە، گەنجینەیەکی گەورەی ئەدەبی بەو زمانە وەک میراتی ڕۆشنبیری لە بەردەستماندایە، بەڵام بەداخەوە بە گوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئەو زمانە دێرینەی سەر زەمینی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەدایە، بۆ بەرەنگاربونەوەی مەترسییەکان، ئێمە لە وەزارەت پڕۆژەی خوێندنی تەنیا یەک وانەمان لە پۆلە بنەڕەتییەکانی کەرتی پەروەردەدا پێشکەش بەوەزارەتی پەروەردە کردووە".
وەزیری ڕۆشنبیری ڕاشیگەیاند: "سەرەڕای کۆششەکانمان و تاوتوێکردنی ئەو پرسە لە ئەنجومەنی وەزیران و پشتگیری جەنابی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، بەڵام تا ئێستا ئەو پڕۆژەیە لە کەرتی پەروەردەدا جێبەجێ نەکراوە، بەو پێیەی خوێندن بە زمانی دایک، هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی زمان لە کۆمەڵگەی کوردستان دروست ناکات و بگرە خزمەتێکی گەورە بە کاروانی ڕۆشنبیری و میراتی کولتوریمان دەکات".
حەمەی حەمەسەعید دەشڵێت: "چاوەڕوانین وەزیری پەروەردە لەم کابینەیەدا ئەو پڕۆژەیە بخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە ".
لەکۆتاییشدا جەختیکردەوە: "لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، ئێمە ئەم بۆنە جیهانییە بە دەرفەت دەزانین، بۆ ئەوەی دووپاتی بکەینەوە، هەموو منداڵێکی کۆمەڵگەی کوردستان مافی ڕەوا و بنەڕەتی خۆیەتی بە زمانی دایک بخرێتە بەر خوێندن، ڕێز لە کەسایەتی و مۆرکە کولتوورییەکانی بگیرێت، بە زمانی دایکی پەروەردە و گۆش بکرێت؛ بۆ ئەوەی لە داهاتوودا خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز بێت و بتوانێت بە ناسنامە کولتوورییە دێرینەکەیەوە بیر بکاتەوە ".
Your Comment