دەسپێشخەریی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان لەدژی کوردەکان

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وردەکاری لەبارەی دەسپێشخەریی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و هێرشی هێزەکانی دیمەش ئاشکرا کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مارکۆ ڕوبیۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانی لەگەڵ رۆبەرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا وتی: "کاتێک ئاڵۆزییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیان پێکرد، ترەمپ بە شەرعی گوت، شەڕ ڕابگرە تاوەکوو بتوانین زیندانییانی داعش لەوێ بگوازینەوە".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدا، ئەگەر ئەو هەزاران زیندانییە هەڵاتبان، کارەسات و پشێوییەکی گەورەیان دروست دەکرد، بەڵام توانرا ۴,۰۰۰ تاوەکو ۵,۰۰۰ چەکداری داعش بگوازینەوە بۆ عێراق و مەترسییەکەیان لەسەر ئەمریکا و ناوچەکە دووربخرێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند یەکێکی دیکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ترەمپ لە گفتوگۆکانی لەگەڵ شەرع، ڕەخساندنی کات بوو بۆ کارکردن لەسەر "تێکەڵکردنی کورد لەنێو هێزە نیشتمانییەکانی سووریادا".  

مارکۆ ڕوبیۆ گوتی شەرع شەڕی ڕاگرتووە بەرامبەر کورد و دەبێ بەردەوام بێت لەو شەڕ ڕاگرتنە " وەک دەزانن، شەرع ئەمەی کرد. ئێستا، ئەو تاوەکو ئەم ساتە لەسەر بەڵێنەکەی ماوە. بێگومان، دەبێت بەردەوام بێت لەسەر ئەوە".  

مارکۆ ڕوبیۆ گوتی، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق ئاسان نابێت؛ ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە حکوومەتی نوێی سووریا لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی وەک دروز، عەلەوی و هەموو توێژە جیاوازەکان بگاتە ڕێککەوتن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە گەشبینییەوە سەیری ئەنجامەکانی کرد و وتی: "ئەم دۆخە هەرچەندە سەخت بێت، زۆر باشترە لەوەی سووریا ببووایە ۸ پارچە و شەڕی ناوخۆیی و کۆچی بەکۆمەڵ بەردەوام بووایە".

News ID 226870

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha