ئەمریکا جەخت لە پشتیوانی سووریایەکی سەقامگیر دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی كۆبوونەوەكەی مەزڵووم عەبدی و ئەسعەد شەیبانی، لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ بڵاویكردەوە جەخت لە پشتوانی ئەمریکا بۆ سووریایەکی سەقامگیر دەكاتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تۆمی پیگۆت، یاریدەدەری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە: مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبوەوە، لە کۆبوونەوەکەدا: وەزیری دەرەوە جەختی لە پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردەوە بۆ سووریایەکی سەقامگیر، کە لە ئاشتیدا بێت لەگەڵ دراوسێکانی و مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بپارێزێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ڕوبیۆ پێشوازی لە پابەندبوونی حکوومەتی سووریا کرد بە هاوکاریی تەواو لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش.

وەزارەتی دەرەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا دەڵێت: "وەزیری دەرەوە جەختی لە گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی هەمیشەیی و ڕێککەوتنی یەکخستنەوە (تێکەڵکردنەوە) لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا کردەوە، لەگەڵ دەستەبەرکردنی ڕێزگرتنی تەواو و پاراستنی مافەکانی هەموو سوورییەکان".

ئەوە لەكاتێكدایە كە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكرده‌وه‌، واشنتن پشتگیری لە فۆڕمێکی خۆبەڕێوەبەریی کورد دەکات لە سووریا، ئەوەش دوای کۆبوونەوەی ئاست بەرز لە میونشن لە نێوان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئەمریکا له‌گه‌ڵ هاوتا سووریه‌كه‌ی و هه‌سه‌ده‌، ڕوبیۆ ڕاستەوخۆ داوای لە بەرپرسانی سووریا کردوە کە بەرزترین ئاستی نەرمی بەرامبەر بە داواکارییەکانی کورد نیشان بدەن.

News ID 226864

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha