هێزەکانی سووریای دیموکرات بەشێکن لە دەسەڵاتی نوێی دیمەشق

ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، "وەک دوژمن سەیری هەسەدە ناکەیەن و ئەوان بەشێکن لە حکوومەت، هەروەها هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە ناکەنەوە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەسعەد شەیبانی، لە میانی دانیشتنێکدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ڕاگەیاند: دیمەشق وەک دوژمن سەیری هێزەکانی سوریای دیموکرات (SDF) ناکات، بەڵکوو وەک هاوبەش و بەشێک لە حکوومەت دەیانبینێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە دیداری مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە ئامادەبوونی سەرکردەکانی هەسەدە، نوێنەرایەتی یەکڕیزیی سووریا دەکات.

ناوبراو وتیشی: "هەمەجۆری لە سووریا کێشە نییە، بەڵکوو سەرچاوەی هێزە بۆی و دەوڵەتی سووریا هیچ لایەنێک لەسەر حیسابی لایەنێکی دیکە پەراوێز ناخات" و هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە ناکەنەوە.

وەزیری دەرەوەی سووریا لە بارەی جووڵەکانی ئیسرائیل لە ناو خاکی وڵاتەکەیەوە وتی: سوورییەکان نیگەرانن لە کردەوەکانی ئیسرائیل لە باشووری سووریا، ئاماژەی بەوەشکرد کە کۆتایی دانوستانەکان لەگەڵ ئیسرائیل کشانەوەی دەبێت لەو خاکانەی کە دوای ڕووخانەی ڕژێمی پێشووەوە کۆنتڕۆڵیان کردوە.

شەیبانی جەختیشی لەوەکردەوە کە پێی وانییە "ئیسرائیل بتوانێت لەو ڕێبازە واقیعییەی کە سوریا گرتویەتییەبەر بەردەوام بێت"، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێستا کار دەکرێت بۆ هاندانی وڵاتانی زلهێز بۆ بەستنی کۆنفرانسێکی ئاوەدانکردنەوە بە مەبەستی هاندانی سورییەکان بۆ گەڕانەوە.

وەزیری دەرەوەی سووریا هەروەها وتی: چوینەتە ناو دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل و قبووڵی ناکەین "ئەمری واقیع" بسەپێنرێت، هاوکات جەختیکردەوە کە جیهان دەیەوێت لەوە تێبگات کە لە سوریا چی ڕودەدات و پێویستە جیهان لەگەڵ دیمەشق بێت.

ئەوە لەکاتێکدایە کۆنفرانسی میونشن دوو ڕۆژە لە ئەڵمانیا دەسپێکردوە و شەیبانی وەک نوێنەری شاندی سووریا لە کۆنفرانسەکەیە و هەریەکە لە ئیلهام ئەحمەد و مەزڵووم عەبدی وەک شاندی ڕۆژاڤا لەو وڵاتە دیدار و کۆبونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان ئەنجامدەدەن.

 

News ID 226863

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha