بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسنگەی ڕاگەیاندی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سوودانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاوە پێگەیشت و باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕێگاکانی پەرەپێدانیان کرد بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاری لە بوارە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیژی، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی ئابووری و وەبەرهێنانی، جگە لە تاوتوێکردنی ڕێگاکانی زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا جەختیانکردەوە لە گرنگی چاودێریکردنی پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و پێویستی هەماهەنگی هاوبەشی ئەمنی و بەرەنگاربونەوەی پاشماوەکانی تیرۆر و بەردەوامی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە.
هەروەها جەختیان کردەوە لە گرنگی پاراستنی دیالۆگ و پەنابردن بۆ چارەسەری ئاشتیانە و ڕێگرتن لە پەرەسەندنی ململانێکان بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکە و گەلانی لە مەترسیەکانی شەڕ.
Your Comment