کورتەی هەواڵەکانی ۲۱ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴ی هەتاوی

کورتەی گرینگترین هەواڵەکانی ۲۱ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴ی هەتاوی لە ستۆدیۆی کوردپرێس پێشکەشتان دەکرێت.

داواکارییە سەرەکیییەکانی ENKS لە ئەحمەد شەرع ئاشکرا دەکرێن

فەسڵە یووسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS)، باسی لە دۆخی سیاسیی سووریا دوای گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە کرد و سەبارەت بە سەردانی شاندی ئەنەکەسە بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەیان لەگەڵ هەریەکە لە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا؛ روونیکردەوە: "شاندی ئەنەکەسە وەک لایەنێکی دانوستانکار نەچووەتە دیمەشق، بەڵکوو کۆبوونەوەیان کردووە و داوایان کردووە دیمەشق پێشوازی لە 'شاندی کوردیی هاوبەش' بکات.

ناوبراو ئاشکرای کرد، شاندی ئەنەکەسە لە دیمەشق سێ داواکاریی سەرەکییان خستووەتە بەردەم بەرپرسانی باڵای سووریا کە بریتین لە:

۱. زمانی کوردی، لە دەستووری سووریادا وەک زمانێکی فەرمی لە پاڵ زمانی عەرەبیدا بناسرێت و ببێتە زمانی خوێندن و پەروەردە.

۲. دانپێدانانی نەتەوەیی، گەلی کورد وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەن و سەرەکیی سووریا لە دەستووردا دیاری بکرێت.

۳. هاوبەشی لە دەسەڵات، کورد تەنیا وەک "بەشدار" نا، بەڵکوو وەک "هاوبەشی ڕەسەن" لە سەرجەم دامەزراوەکانی حکوومەتی سووریادا جێگەیان بکرێتەوە.

ئێزدییەکان سکاڵا لەسەر ئەو داعشانە تۆمار دەکەن کە گواستراونەتەوە عێراق

نوێنەرانی ئێزدی لە هەرێمی کوردستان دەڵێن، سکاڵای یاسایی دژی ئەو داعشانە تۆمار دەکەن کە لە سووریاوە هێنراونەتە عێراق و هەزاران بەڵگە دژیان ئامادەیە.

سعوود مستۆ، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان،  ڕاگەیاندووە: "ئاگادارین کە دەگوترێت ئەو چەکدارانەی هێندراونەتە عێراق بەشێکیان تاوانبارانی کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکانن، بەڵام تاوەکوو ئەمڕۆ ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە".

مستۆ دەشڵێت: "بە دڵنیاییەوە بەدواداچوون بۆ ئەو چەکدارانەی داعش دەکەین کە تۆمەتبارن بەرامبەر تاوانەکان لە شنگال و بەرامبەر ئێزدییەکان و سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین".

News ID 226851

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha