یەشار گولەر: تورکیا هیچ پلانێکی بۆ کشانەوە لە سووریا نییە

وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایدەگەیەنێت کە وڵاتەکەی هیچ پلانێکی بۆ کشانەوە لە سووریا نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "حورییەت"، هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی سووریا دەکەن، گولەر جەختی کردەوە، ئێستا هیچ بڕیار و ئەجێندایەک بۆ کشانەوە لەو ناوچانە لە ئارادا نییە.

سەبارەت بە تێکەڵبوونەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) بە سوپای سووریا و کاریگەریی ئەمە لەسەر کۆتاییهاتنی یەپەگە و پەکەکە، وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە دا، ئەنقەرە پلانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو سیناریۆکان داناوە.

ناوبراو گوتیشی: "هەرچەندە لە ئێستادا نیشانەیەک بۆ سەرهەڵدانەوەی تیرۆر بەدی ناکرێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە مەترسییەکان نەماون، بۆیە لە رێکارە ئەمنییەکانمان بەردەوام دەبین."

ڕۆژنامەکە لە زاری گولەرەوە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، سەرەڕای بوونی زانیاری لەسەر واژۆکردنی رێککەوتنی یەکگرتن لە نێوان سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات، هێزەکانی تورکیا بەردەوام دەبن لە مانەوە. مەرجی سەرەکیی تورکیا بۆ کشانەوە بریتییە لە چوونەدەرەوەی تەواوەتیی گرووپە چەکدارە بیانییەکان و مسۆگەرکردنی سەقامگیریی تەواوەتی؛ تەنیا لەو کاتەدا تورکیا خۆی بڕیاری کشانەوە دەدات.

News ID 226846

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha