بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له ڕاگهیهنراوێكدا کەجەکە دهڵێت: "لە کۆبوونەوەی ۴ى کانوونی دووەم لەنێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و وهفدى دیمەشقدا، ڕێککەوتنێکی گرنگ کرا، بەڵام وەزیری دەرەوەی دیمەشق دەستوەردانی کردو بێئەوەی هیچ لێدوانێک بدرێت، کۆبونەوەکە کۆتاییهات".
کەجەکە دهشڵێت: "لە ڕۆژى پێنجى کانوونی دووەم ئەمریکا و فەرەنسا و تهحریر شام و تورکیا لە پاریس ڕێککەوتن، لە ڕۆژى ۶ى ههمان مانگ بەچەکی قورس هێرشکرایەسەر گەڕەکە کوردنشینەکان لە شاری حەلەب، لەبەرامبەر بەخشینی باشووری سووریا بە ئیسرائیل، پیلانگێڕییەکی نێودهوڵهتى بۆ لهناوبردنى ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا ـ باکورو ڕۆژهەڵاتی سووریا جێبەجێکرا".
دهشڵێت: "ئهوهبوو هێرش بۆ نەهێشتنی ئەو سیستەمە کۆمەڵگەپارێز و دیموکراتیکە دەستیپێکرد کە کوردانی سووریا لەگەڵ عەرەب و سریان و چەرکەز و تورکمان و گەلانی دیكه دایانمەزراندوە، ئەو هێزانەی دیموکراتیکبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندیی خۆیاندا نابینن، ئەم پیلانگێڕییەیان دژی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێکرد، هێرشی سەر دیموکراتیکبوون گۆڕا بۆ هێرشی سەر کورد، بەمشێوەیە، سیاسەتی کۆنتڕۆڵکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیسانەوە لەسەر بنەمای چارەسەرنەکردنی پرسی کورد کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە".
كهجهكه له ڕاگهیهنراوهكهیدا نووسیویهتى: "هێرشەکە تەنها لەسەر ڕۆژئاوا-باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نییە، بەڵکوو هێرشێکە بۆسەر دەسکەوتە هاوبەشەکانی هەموو کوردان و گەلان، ئامانجی ئەم پیلانگێڕییەش دەستپێکردنی شەڕی کوردو عەرەب بوو، بەڵام بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم فیتنەیە کە پیلانگێڕییەک بوو دژی گەلان، هەسەدە لەدێرەزۆرو ڕەققە و تەبقە کشایەوە، بەمشێوەیە ئەو هێزانەی دەیانویست شەڕی کورد و عەرەب دەستپێبکەن، ئامانجەکەیان نەپێکا".
ئاماژه بهوهشكراوه، "لەبەرانبەر تهحریر شام و چەتە هاوکارەکانی کە تورکیا پشتیوانیان دەکات و دەیانەوێت سیستەمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک نەهێڵن و کوردان قڕبکەن؛ هەسەدە و گەلی ڕۆژئاوا دەستیان بەبەرخۆدان کرد، هێرشکەران لەسەر سنووری ڕۆژئاوای کوردستان وەستێنران، ئەم بەرخۆدانە داوای لەگەلی کوردستان و هێزە دیموکراتیەکان کرد کە وەک بەرخۆدانی کۆبانێ لەساڵی ۲۰۱۴ ڕاپەڕن، لەچوار بەشی کوردستان گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان بەژمارەیەکی زۆرتر و بەئیرادەیەکی گەورەتر لەڕاپەڕینی ۲۰۱۴، ڕاپەڕین".
ئهوهشى وتوه: "ئەم سەرهەڵدانە هێزێکی زۆری بەبەرخۆدانەکە بەخشی، ڕای گشتیی دیموکراتیکی جیهان دژی ئەم هێرشە وەستایەوە کە هێرشێک بوو دژی دیموکراتیکبونو دەسکەوتەکانی گەلی کورد، تەنانەت هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانەش ڕاپەڕین کە بەشداربون لەم پیلانگێڕییە نێودهوڵهتیهدا، فشاریان لە حکوومەتەکانی خۆیان کرد و داوایانکرد هێرشەکان بوەستێنن، بەرخۆدانی هەسەدەو گەلی ڕۆژئاواو ڕاپەڕینی گەلەکەمان لەچوار بەشی کوردستانو هێزەکانی دیموکراسی، وایکرد لە ۳۰ی کانونی دوەم ڕێککەوتنێک بکرێت".
كهجهكه بهبیرى هێناوهتهوه،: "ڕێبەر ئاپۆ پێش ۴ى کانونی دوەم، لەچوارچێوەی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیکدا، پرۆژەیەکی چارەسەری پێشکەش بەئیدارەی ڕۆژئاوا کرد، لەم چوارچێوەیەدا لە ۴ى کانونی دوەم ڕێککەوتنێک کرا، دوای ئەوەی ئەم پڕۆژە چارەسەرییەی ڕێبەر ئاپۆ تێکدرا، ڕێبەر ئاپۆ هەوڵیدا بەهەر ڕێگەیەک بێت، ڕێککەوتنێک بۆ وەستاندنی شەڕ بخاتەڕوو، هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆو هۆکارەکانی دیكه، بەڕێککەوتنی ۳۰ى کانونی دوەم گەیشتە ئەنجام".
باسى لهوهكردوه: "هاوشانی بەرخۆدانی شەڕڤانانی هەسەدە و یەپەگەو یەپەژە، گەلی ڕۆژئاوا بەپێشەنگایەتی ژنان و گەنجان چەکیان هەڵگرت و ڕۆڵی گرنگیان گێڕا ڕێگرتن لەبەدیهاتنی ئامانجی هێزە قڕکەرەکان، شۆڕشی ژنان لەڕۆژئاوا، ڕۆحی ئازادیخوازیی لەنێو کۆمەڵگەدا پتەوترکردو وایکرد بەرخۆدانی ئازادی شکستنەهێنێت، کوردەکان بەهەموانیان نیشاندا کە بونەتە نەتەوەیەکی دیموکراتیک".
لهكۆتاییشدا باس لهوهكراوه: "لەچوار بەشی کوردستان و ئەورووپا گەلەکەمان بەشداریی سەفەربەرییان کرد کە لە ڕۆژئاوا ڕاگەیاندرا، گەلەکەمان لەهەموو شوێنێک بەیەکگرتویی ڕاپەڕین، ئەم ڕاپەڕینە بەرئەنجامی بەرخۆدانی سەدساڵەو ڕاستی شەڕی ئازادیی دەیان ساڵەی گەلێکە، ئەو تێکۆشانەی کە ئێمە بەقوربانیدانی مەزن لەچوار بەشی کوردستاندا لەچوارچێوەی هێڵی ڕێبەر ئاپۆدا بەڕێوەمان برد، بوە مایەی یەکبونی گەلەکەمان، ئەم ڕۆحی یەکێتییە لەچالاکییەکانی خاوەندارێتیکردن لەڕۆژئاوا بەوپەڕی بەهێزییەوە خۆی نیشاندا".
Your Comment