لە چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئالنگارییەکانی وڵاتدا پشتیوانی نووری مالیکی دەبین

مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی لە نووری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەکات بەبۆنەی کاندیدکردنی ئەو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بارەگای بارزانی ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێکدا بەناوی مەسعوود بارزانییەوە بڵاویکردەوە، پێشوازی لە بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەین بۆ دیاریکردنی نوری مالکی وەک کاندیدیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەو بۆنەیە پیرۆزبایی لە مالکی دەکەین و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین و لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفت و نەهێشتنی کۆسپ و ئالنگارییەکانی وڵاتدا پشتیوانی دەبین.

لایخۆیەوە چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمشەو بەفەرمی کاندیدکردنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاگەیاند. هەروەها داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران کرد: "دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەپێی کاتە دەستورییەکان ئەنجامبدات".

پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەدوای ساڵی ۲۰۰۵ـەوە پشکی شیعەکانی عێراقە و جگە لە نووری مالکی هیچ سەرۆک وەزیرانی دیکە، دوو خول لە پۆستەکەیاندا نەماونەتەوە. هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی کە تەواوی سەرکردە شیعەکانی عێراق لە خۆدەگرێت "جگە لە سەدر"، لەم ساڵانە دوایدا دروستکرا، ئەو پۆستە یەکلادەکاتەوە.

News ID 226780

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha