بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەچوارچێوەی هاوکاریی هێزە سیاسییە شیعەکانی عێراقدا، ئەو هێزانە ئەمڕۆ نووری مالیکی-یان وەکوو کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ناساند.
لەمبارەوە چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە: "لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانیمان و پەرۆشیمان بۆ تەواوکردنی شایستە دەستورییەکان لە چوارچێوەیەکدا کە سەقامگیری وڵات بپارێزێت و ڕێڕەوی دەوڵەت بەهێز بکات، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبونەوەیەکی فراوانی سەرکردەکانی لە نوسینگەی هادی عامری ئەنجامدا و تێیدا تاوتوێی بارودۆخی سیاسی و قۆناغی داهاتو کرا".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "دوای گفتوگۆیەکی قووڵ و چڕوپڕ، چوارچێوەی هەماهەنگی بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بە بەربژێرکردنی نوری کامل مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، وەک کاندیدی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و بە پشتبەستن بە ئەزمونی سیاسی و ئیداری و ڕۆڵی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا".
چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لەسەر "پابەندبوونی تەواوی بە ڕێڕەوی دەستووری و پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز و کارا" کردەوە.
هاوکات داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران کرد "دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەپێی کاتە دەستوورییەکان ئەنجامبدات".
Your Comment