فیلمسازێکی کورد چیرۆکی کیمیابارانی نۆدشە دەکاتە فیلم

کورتە فیلمی "دژ نۆ" باس لە چیرۆکە پشتگوێخراوانی کیمیابارانی نۆدشەی دەکات و ئێستا لە دوا قۆناخەکانی مۆنتاژ و ئامادەکردندایە.

کوردپرێس: سینا وەلەدبەگی، فیلمسازی لاوی کورد دەرهێنەری فیلمەکەیە و بە ڕووداوی راگەیاند: چیرۆکی فیلمەکە پاش سێ ساڵ لێکۆڵینەوەی مەیدانی و گفتوگۆ لەگەڵ بریندارانی کارەساتی کیمیابارانی نۆدشە نووسراوەتەوە. وتیشی، فیلمەکە هەوڵدەدات ڕەهەندی مرۆیی ئەو کارەساتە نیشانی جیهان بدات کە ساڵانێکە پەراوێز خراوە.

ڕۆژی ١٧ـی ئاداری ۱۹۸۸، تەنیا ڕۆژێک دوای کیمیابارانی هەڵەبجە، شاری نۆدشە لە پارێزگای کرماشان، لە لایەن فڕۆکەکانی عێراقەوە کیمیاباران کرا. لەو هێرشەدا چەندین بۆمب بەر ماڵانی سڤیل و بنکەی تەندروستی شارۆچکەکە کەوتن، کە بووە هۆی شەهیدبوونی پتر لە ۱۸ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ۱۰۰ کەسی دیکە بە گازی ژەهراوی.

فیلمسازێکی کورد چیرۆکی کیمیابارانی نۆدشە دەکاتە فیلم

وەلەدبەگی دەڵێت، بەهۆی هاوکاتیی ئەم ڕووداوە لەگەڵ کارەساتە گەورەکەی هەڵەبجە، مێژووی کیمیابارانی نۆدشە وەک پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە.

لەبارەی ناوی فیلمەکە، دەرهێنەر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، (دژ نۆ) کە ناوی کۆنی شاری نۆدشەیە و دەیەوێت ئەو مێژووە بە زمانی سینەما دووبارە بگێڕێتەوە.

 سینا وەلەدبەگی، دەرهێنەری فیلمەکە، دەرچووی ئەنجوومەنی سینەمای لاوانی ئێران - لقی کرماشانە. پێشتر لە فیلمەکانی (بووکەبارانە) و (شانۆی نەمان)ـدا رۆڵی هەبووە و وەک یاریدەدەری دەرهێنەر و بەڕێوەبەری بەرهەم لە چەندین پڕۆژەی دیکەدا کاری کردووە.

وێنەگرتنی فیلمەکە ماوەی حەوت رۆژی خایاندووە و لە شارەکانی پاوە و نۆدشە ئەنجامدراوە. ستافی فیلمەکە ئامانجیانە لە رێگەی ئەم بەرهەمەوە، چیرۆکی دەیان قوربانی ئەو کارەساتە بگەیێننە فێستیڤاڵە جیهانییەکان و سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لای ئەو کۆمەڵکوژییە ڕابکێشن.

News ID 226743

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha