بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ستیفان دوجارێک، وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانیی خۆی لەبارەی دۆخی شاری حەلەب دەربڕی و ڕایگەیاند، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە دۆخێکی مرۆیی سەخت دروست بووە.
دوجارێک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد: ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی حەلەب دەکەین و لەگەڵ گشت لایەنە پەیوەندیدارەکاندا لە پەیوەندیداین. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان قوربانی و بریندارێکی زۆر لە شارەکەدا هەن و پێویستییەکی هەنووکەیی بۆ پاراستنی خەڵکانی سڤیل و ژێرخانی شارەکە هەیە.
سەبارەت بە ئاماری ئاوارەکان، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: هاوبەشەکانمان ئاگاداریان کردووینەتەوە کە نزیکەی ۱۹۰ هەزار هاووڵاتی بەهۆی سەرهەڵدانەوەی پشێوییەکانەوە لە حەلەب ئاوارە بوون، لە ئێستاشدا کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران (UNHCR) و هاوبەشەکانیان هاوکاری بەسەر ئەو خەڵکەدا دابەش دەکەن.
لە کۆتاییدا ستیفان دوجارێک داوای لە هەموو لایەنەکان کرد ئاسایشی خەڵکە مەدەنییەکە بپارێزن و جەختی کردەوە: پێویستە ڕێوشوێنی بەپەلە بگیرێتە بەر بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی سەلامەت بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ناوچەکە جێبهێڵن.
Your Comment