یەکەم گەشتی بەرهەم ساڵح وەکوو کۆمیسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان

بەرهەم ساڵح، کۆمیسیاری باڵای نوێی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، لە یەکەم گەشتی فەرمیی خۆیدا دوای دەستبەکاربوونی، سەردانی کەمپی پەنابەرانی (کاکوما)ـی کرد لە کینیا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرهەم ساڵح کە لە نێوان ساڵانی ۲۰۱۸ بۆ ۲۰۲۲ سەرۆککۆماری عێراق بووە، ئاماژەی بەوە کرد وەک پەنابەرێکی پێشوو (کە لە ساڵی ۱۹۷۹ بەریتانیای وەک پەناگە هەڵبژاردبوو)، بە باشی لە واتای پاراستن و رەخساندنی دەرفەت بۆ پەنابەران تێدەگات. کۆمیسیارە کوردەکە گوتی: "ئەم جیهانەی تێیدا دەژین، نابێت رێگە بدات خەڵک بۆ ماوەی ۱۰ ساڵ یان زیاتر لە ئاوارەییدا بمێننەوە، پێویستە ئەم دۆخە کۆتایی بێت".

کۆمیسیاری نوێی پەنابەران پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی پەنابەران کرد و جەختی کردەوە، ئەوان لە "چەقی کارەکانی رێکخراوەکەدان." بەرهەم ساڵح رایگەیاند، کارە لەپێشینەکانی ئەو بریتین لە دۆزینەوەی "چارەسەری بەردەوام" و تێکەڵکردنی پەنابەران لە ناو کۆمەڵگەدا، نەک تەنیا بەستنەوەیان بە هاوکاریی مرۆییەوە. سەرۆککۆماری پێشووی عێراق گوتی: "دەبێت پەنابەران بەهێز بکرێن بۆ ئەوەی لەو بازنەی پشتبەستنە بە هاوکارییە مرۆییەکان رزگاریان بێت و بۆ ماوەیەکی درێژ لە ناو کەمپەکاندا گیر نەخۆن".

 سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی رێکخراوەکە، بەرهەم ساڵح دانی بەوەدا نا کە (UNHCR) رووبەڕووی ئاڵنگاری زۆر سەخت بووەتەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی پار بودجەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکرایەوە و ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندەکانی لادران. بەرهەم ساڵح جەختی لەسەر پێویستیی "چاکسازی، گۆڕانکاری و کارایی زیاتر" لە ناو رێکخراوەکەدا کردەوە بۆ ئەوەی بە لێپرسینەوەیەکی زیاترەوە خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بکرێن.

لە کۆتایی سەردانەکەیدا، بەرهەم ساڵح ستایشی حکومەت و گەلی کینیای کرد و ئەو وڵاتەی وەک "کۆڵەکەیەکی پاراستن" لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشەدا وەسف کرد؛ دەستخۆشی لە پارێزگاری (تورکانا) کرد بۆ تێکەڵکردنی پەنابەران لە ناو سیستمە یاسایی و داراییەکان و بازاڕی کاردا و رایگەیاند، ئەم نموونەیە جێگەی سەرنجی هەموو جیهانە.

News ID 226722

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha