بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ساڵح موسلیم، ئەندامی ئەنجومەنی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیمەكرات (PYD)، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ پێگەی (Bianet) دەشڵێت: ئەگەر ئەنقەرە دەیەوێت هەوڵە نوێكانی ئاشتی لە ناوخۆی سووریادا سەرکەوتوو بێت، پێویستە واز لە دەستوەردان بهێنێت.
ناوبراو زیاتر ڕایگەیاندووە: تورکیا هەوڵدەدات دانوستانەکانی ئاشتی لە تورکیا بە سووریاوە ببەستێتەوە، لەكاتێكدا پێویستە ئەو دوو رێڕەوە بە جیا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
ناوبراو وتیشی: دەرئەنجامەکانی دانوستانی تورکیا بەندە بە دۆخی ناوخۆیی تورکیاوە، کوردەکانی سووریاش پشتگیری لە هەوڵەکانی سەرخستنی ئاشتی دەکەن لە تورکیا.
ساڵح موسلیم دەڵێت: تورکیا هەوڵیدا رێگری لە رێککەوتنەکەی ١٠ی ئازار بکات، چونکە بەشێک نەبووە لەو رێککەوتنە، کاتێک روون بووەوە کە هەردوولا هەنگاو بەرەوپێشەوە دەنێن، زمانی گۆڕی.
ئەندامی ئەنجومەنی هاوسەرۆكایەتی پەیەدە ئاشکراشی دەکات: پێکدادانی گەڕەکەکانی حەلەب دوای سەردانی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری تورکیا لە سوریا سەریهەڵدا.
ناوبراو وتیشی: ئامادەیی دیمەشق بۆ بەدواداچوونی رێککەوتنەکە پەیوەستە بەوەی کە ئایا دەتوانێت خۆی لە کاریگەرییەکانی تورکیا دوور بخاتەوە یان نا.
ساڵح موسلیم جەخت دەکاتەوە: پێویستە سووریا سیستەمێکی نا ناوەندی پیادە بكات و گفتوگۆکان سەرەتا دەبێت لەسەر داڕشتنی دەستورێکی گشتگیر بێت کە پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان بپارێزێت.
ناوبراو وتیشی: شانە نووستووەکانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی هێشتا هەڕەشەن و کەسانێک کە هاوپەیمانن لەگەڵ ئەو گرووپە، پەیوەندییان بە هێزە ئەمنییەکانی سووریاوە کردووە.
وتیشی: کەناڵەکانی پەیوەندی لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەنقەرە لە ڕێگەی دیمەشقەوە کراوەن، کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانيش سوودی بۆ هەردوولا دەبێت.
Your Comment