بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم عەبدی، لە وتارێکی ڤیدیۆیدا کە لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی دەستەی ڕاوێژکاری لیژنەی دانوستانکاری خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ دیمەشق لە شاری تەبقە وتی: "پێشکەوتن هەیە لە دروستکردنی دیدێکی هاوبەش لەگەڵ دیمەشق سەبارەت بە دەروازەکان، سنوورەکان و سامانە سروشتییەکانی سەرجەم سووریاییەکان".
عەبدی دەشڵێت: "پێمان وایە چارەسەر لە سووریا دەبێت لامەرکەزی بێت و دەمانەوێت خەڵکی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەیەکی دەستووریدا ناوچەکانی خۆیان بەڕێوەبەرن".
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بە بەشداریی پێکهاتەکان لەناو پایە بنەڕەتییەکانی سیستمەکەدا کرد و وتی: "ئەمە پێویستی بە گفتوگۆی قووڵتر هەیە بۆ گەیشتن بە دەستوورێک کە ڕەنگدانەوەی هەموو خواستەکان بێت و هیوادارین لە قۆناغی داهاتوودا بگەینە هەموو ڕێککەوتنەکان".
ناوبراو دەشڵێت: "لە داهاتوودا هەموو فەرمانبەرانی خۆبەڕێوەبەری دەبنە فەرمانبەری دەوڵەتی سووریا و ئەوەش بەشێکە لە ڕێککەوتنی ۱۰ی ئازار".
لەلایەكی دیكەوە تەلەفزیۆنی سووریا بڵاویكردەوە، پێشبینی دەكرێت لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕێككەوتنی هەسەدە و دیمەشق رابگەیەنرێت و هەریكە لە ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیاش فشار دەکەن بۆ ئەوەی پێش کۆتایی ئەمساڵ ڕێککەوتنەکە یەکلایی بکرێتەوە. هەروەها ۹۰ هەزار ئەندامی هەسەدە ئاسایش لەناو وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریا یەكدەخرێن.
Your Comment