۱۷ هەزار خێزانی ئاوارە لە ۲۱ کەمپی هەرێمی کوردستاندا ماون

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرای دەکات کە ۱۷ هەزار خێزانی ئاوارە لە ۲۱ کەمپی هەرێمی کوردستاندا ماون و دەشڵێت لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هاوئاهەنگیی بەردەوامدان بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کەریم نووری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاندووە: گفتوگۆ و هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە بە مەبەستی داخستنی دۆسیەی کەمپەکان و سەبارەت بە دیاریکردنی وادەیەک بۆ داخستنی تەواوەتیی کەمپەکان، کەریم نووری گوتی: "ناتوانین بڵێین ساڵی داهاتوو ئەو دۆسیەیە یەکلایی دەبێتەوە، بەڵام هیوادارین کۆتایی بێت".

 بەگوێرەی ئەو ئامارانەی بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ رووداوی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا ۲۱ کەمپی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان ماون، کە بەمشێوەیە دابەش بوون:

- ۱۶ کەمپ لە سنووری پارێزگای دهۆک

- ۵ کەمپ لە سنووری پارێزگای هەولێر

کەریم نووری ئاماژەی بەوەش کرد، لەو کەمپانەدا نزیکەی ۱۷ هەزار خێزانی ئاوارە دەژین و "زۆربەی هەرەزۆریان خەڵکی شنگالن".

News ID 226628

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha