عێراق بە فەرمی بڕیارێکی خۆی لەبارەی حزبوڵڵا و حوسییەکان ڕاستکردەوە

لیژنەی بلۆک کردنی سامان و دارایی گرووپە تیرۆریستییەکان لە عێراق، بڕیارێکی نوێی دەرکرد کە تیایدا هەستاوە بە ڕاستکردنەوەی بڕیارێکی پێشووی خۆی و دەرهێنانی دوو ناو لە لیستی بلۆککردنی سامانی ئەو کەس و گرووپانەی گومانی پەیوەندییان بە تیرۆرەوە لێ دەکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بە گوێرەی بڕیاری ژمارە (۶۴)ـی ساڵی ۲۰۲۵، کە لە لایەن لیژنەی بلۆککردنی سامان و دارایی گرووپە تیرۆریستییەکان لە عێراق واژۆ کراوە و لە کۆبوونەوەی نائاسایی ڕۆژی ۷ـی ۱۲ـی ۲۰۲۵ دەرچووە، بڕیاردراوە بە لابردنی هەر دوو زنجیرەی (۱۸ و ۱۹) لەو لیستەی کە پێشتر لە بڕیاری ژمارە (۶۱)ـی ئەمساڵدا بڵاو کرابووەوە.

لە ناوەڕۆکی بڕیارەکەدا هاتووە، پاش وردبینی و بە پێی نووسراوی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و تەمویلکردنی (ژمارە ۷/۱/ب د/س/۹۳۳) لە ڕێکەوتی ۱۹ـی ۳ـی ۲۰۲۵، دەرکەوتووە کە ئەو دوو ناوەی لە زنجیرەکانی (۱۸ و ۱۹)دا هاتوون، کە گرووپی حزبوڵڵای لوبنانی و حووسییەکان یەمەن دەگرێتەوە، قابیلی سڕکردن نین و بڕیارەکە نایانگرێتەوە.

لیژنەکە ڕوونیکردووەتەوە، کە بڕیاری سڕکردن تەنیا ئەو ناو و قەوارانە دەگرێتەوە کە پەیوەندییان بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی "داعش" و "قاعیدە"وە هەیە، و ئەم دوو ناوەی سەرەوە ئەو مەرجەیان بەسەردا جێبەجێ نابێت، بۆیە بڕیاری سڕینەوەیان لە لیستی سڕکردنی سامان و دارایی تیرۆریستان (ژمارە ۶۱ـی ساڵی ۲۰۲۵) دراوە.

ئەم بڕیارەش بە ژمارە ۴۸۵۲، لە ڕێکەوتی ۷ـی ۱۲ـی ۲۰۲۵، بە فەرمی لە ڕۆژنامەی واقائیعی عێراقی بڵاو کراوەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، بە ژمارە ۴۸۴۸ کە لە ۱۷ـی مانگی ڕابردوو دەرچووبوو، بەڵگەنامەیەکی فەرمیی بڵاو کردبووەوە، کە تێیدا حکوومەتی فیدراڵ، گرووپی حزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەنی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.

بەڵام هەر زوو لیژنەی بلۆککردنی سەروەت و سامانی تیرۆریستان لە بانکی ناوەندیی عێراق، لە ڕوونکردنەوەیکدا، ناساندنی حزبوڵڵای لوبنانی و حوسییەکانی یەمەن وەک تیرۆرست و بلۆککردنی سەروەت و سامانیانی ڕەت کردەوە.

لیژنەکە باسی لەوە کرد، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە لەسەر بلۆککردنی سەروەت و سامانی لیستی قەوارە و کەسایەتییەکانی پەیوەندیدار بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە بووە.

عێراق بە فەرمی بڕیارێکی خۆی لەبارەی حزبوڵڵا و حوسییەکان ڕاستکردەوە

 

News ID 226590

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha