بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری راگەیاند و وتی، بەپێی داتاکان کۆی گشتیی دانیشتووان بە هاووڵاتییان و بیانییەکانەوە گەیشتووەتە ٤٦ ملیۆن و ١١٨ هەزار و ٧٩٨ کەس و تێکڕایی ئەندامانی خێزان لە عێراقدا گەیشتووەتە پێنج کەس.
بەپێی ئامارەکان، دانیشتووان بەم شێوەیە دابەشبوون:
هاوڵاتیانی عێراقی بەبێ بیانییەکان، ژمارەیان ٤٥ ملیۆن و ٧٧٨ کەسە و کەسانی بیانیش ژمارەیان ٣٤٠ هەزار و ١٣١ کەسە کە لە عێراق نیشتەجێن و رێژەی گەشەکردنی دانیشتووان گەیشتووەتە ٪٢.٥.
رێژەی نێر، ٢٣ ملیۆن و ١٦١ هەزار کەسە کە ٪٥٠.٢ـی دانیشتووان پێکدەهێنن و رێژەی مێ ٢٢ملیۆن و ٩٥٧ هەزار کەسە کە ٪٤٩.٨.
زیاتر لە ٨ ملیۆن و ٤٥٠ هەزار خێزان هەن و زیاتر لە ٧ ملیۆن خێزانیان پیاو وەک سەرۆک خێزانە و ٩١٠ هەزار خێزانیش ژن وەک سەرۆک خێزانە.
هاوکات ١٦ ملیۆن و ٥٥٥ هەزار کەس تەمەنیان لە نێوان سفر بۆ ١٤ ساڵە.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، ئەمە کۆتا جارە سەرژمێری بە شێوازی کلاسیک ئەنجامبدرێت و لە داهاتوودا بە تەواوی دەکرێتە تەکنەلۆژیا و ئەم قۆناعە سەرژمێری دانیشتوانی ناوخۆی عێراق بوو و لە قۆناعی داهاتوو عێراقییەکانی دەرەوەش هەژمار دەکرێن.
Your Comment