١٩ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١٠:٢٦
پارتی: گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردن هێڵی سوورە

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان هۆشداری لە دەستوەردان لە ئەنجامی ھەڵبژاردن دەدات دەڵێت، "بەھیچ شێوەیەک گۆڕینی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن بە گشتی و کۆتاکان بەتایبەتی قبووڵکراو نییە و  بە ھێڵی سووری دادەنێین".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەکتەبی سیاسی پارتی ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ لە کەش و ھەوایەکی دیموکراسیانە و ئازادانە و بە ڕێکوپێکی و شەفافانە ئەنجامدرا و لیست و قەوارە سیاسییەکان و کاندیدی کۆتاکان بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان و ڕێنماییەکان بەشدارییان کرد. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دوای ئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکان ئەنجامی کۆتایی بەشێوەیەکی فەرمی ڕاگەیاند.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستاش لێرە و لەوێ گوێبیست دەبین کە ھەواڵێک ھەیە بۆ دەستوەردان لە ئەنجامی ھەڵبژاردن، بەتایبەتی کۆتاکان و گۆڕینی ئەنجامەکان! ئێمە لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنین، کە بەھیچ شێوەیەک دەستوەردان و گۆڕینی ئاکامەکانی ھەڵبژاردن بە گشتی و کۆتاکان بەتایبەتی قبوڵکراو نییە و، بە ھێڵی سوری دادەنێین.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پارتی، "لە ئەگەری دەستوەردان و گۆڕانکاری لە ئەنجامە ڕاگەیاندراوەکان لەلایەن کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانەوە، ھەڵوێستی سیاسی جدیمان دەبێت".

پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا ڕیزبه‌ندی دوه‌می له‌سه‌ر ئاستی عێراق و یه‌که‌م له‌ سه‌ر ئاستی هه‌رێمی کوردستان به‌ده‌ستهێنا و ژماره‌ی ده‌نگه‌کانی گەیشتە ملیۆنێک و ۱۰۹ هه‌زار و ۹۳۴ ده‌نگ که‌ ده‌کاته‌ ۲۷ کورسی، جگه‌ له‌وه‌ی پێنج کورسی پێکهاته‌کان به‌ پشتیوانی پارتی سه‌رکه‌وتنیان مسۆگه‌ر کردووه‌.

News ID 226475

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha