بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە: مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد و بە دەستکەوتێکی بەنرخ و سەرچاوەی بەرزکردنەوەی متمانە و گەورەیی گەلی عێراقی وەسف کرد.
لە بەرامبەردا سەرۆک وەزیرانی عێراق وێڕای بەرز نرخاندنی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە و پیرۆزبایی سەرۆک کۆماری ئێران سوپاسی کردووە و رایگەیاند: "لەم هەڵبژاردنانەدا گەلی عێراق جارێکی دیکە پابەندبوونی خۆیان بەو ئەزموون و سیستەمی دیموکراسییەی بەدەستیان هێناوە نیشانداوە و ئومیدیشی کردووە کە دەرئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە کاریگەری بنیاتنەری هەبێت لەسەر بەردەوامیی رێبازی بنیاتنانەوە و پێشکەوتنی عێراق لە چاو ساڵانی ڕابردوودا".
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوو سودانی و پزیشکییان باسیان لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ کرد و "جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلانی عێراق و ئێران بکات و سەقامگیریی ناوچەکە بەهێز بکات".
Your Comment