بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرامەرز ئەسەدێ لە ڕاگەیەندراوەکەدا، کە بە ناوی "خوای گەورە و میهرەبان" دەستی پێکردووە، ئاماژەی بەوە داوە کە ئامادەبوونی بەهێزی خەڵک لەم هەڵبژاردنانەدا وەک "سەرکەوتنێکی گەورە" بۆ حکوومەت و خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان سەیر دەکرێت.
کۆنسووڵی ئێران هەروەها جەختی کردەوە، "ئەم هەنگاوە ئومێدبەخشە هیوای دوژمنانی نەتەوەی عێراق و گەلانی ناوچەکەی بۆ کۆنترۆڵکردنی چارەنووسی وڵاتانی ئیسلامی بێ ئومێد کردووە، و وەڵامێک بوو بۆ قسە بێماناکانی رۆژئاوا کە گاڵتەیان بە کولتوور و شارستانییەتی کۆنی وڵاتانی ناوچەکە دەکرد".
فەرامەرز ئەسەدی رایگەیاند کە براوەی راستەقینەی ئەم هەڵبژاردنانە "خودی خەڵک بوون لە هەموو ناوچەکانی عێراقدا، کە بە بەشداریی خۆیان، هەوڵی درێژەدان بە پرەنسیپە دیموکراسییەکان و بەشداریکردن لە چارەنووسی خۆیان داوە،" ئەمەش "پابەندبوونێکی گەورەی بە سیستمی سیاسی و نوێنەرانی هەڵبژێردراو داوە لە پێناو دەستەبەرکردنی بەختەوەری و مەسڵەحەتی گشتی".
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، ئەسەدی دەڵێت، "بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە پیرۆزبایی سەرکەوتنتان لەم هەڵمەتە سیاسییە گرنگە لە ئێوەی خەڵکی بەشەرەف دەکەم. لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە بۆ بەردەوامی سەرفرازی و خۆشگوزەرانی بۆ ئێوەی خۆشەویست".
Your Comment